توركيا, سياسەت, جيهان, عێراق

ئەردۆغان: "ڕازاندنەوەی هەولێر بە ئاڵاکەمان بەبۆنەی سەردانەکەمانەوە بەڕاستی هەستی بزواندین"

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "بەهەر شێوەیەک بێت تیرۆر لەناودەبەین و پێداگرین لەسەر ئەمە. هەرگیز مەیدان بۆ تیرۆر و ئەوانەی لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ڕێ دەکەن و ئەوانەشی ئەمانە بەکاریدەهێنن چۆڵ ناکەین".

Mehmet Tosun  | 23.04.2024 - نوێکردنەوە : 25.04.2024
ئەردۆغان: "ڕازاندنەوەی هەولێر بە ئاڵاکەمان بەبۆنەی سەردانەکەمانەوە بەڕاستی هەستی بزواندین"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ڕازاندنەوەی هەموو لایەکی هەولێر بە ئاڵاکەمان بەبۆنەی سەردانەکەمانەوە، بەڕاستی هەستی بزواندین".

لە میانی گەڕانەوەی لە عێراق، سەرکۆمار ئەردۆغان لە نێو فڕۆکەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە پاش سەردانی بەغدا سەردانی هەولێری کردووە و، لەگەڵ سەرکردەکانی ئیدارەی هەرێم کۆبوونەوەی سوودبەخشیان ئەنجام داوە و ڕایگەیاند: "ڕازاندنەوەی هەموو لایەکی هەولێر بە ئاڵاکەمان بەبۆنەی سەردانەکەمانەوە، بەڕاستی هەستی بزواندین".

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەبۆنەی سەردانەکەیەوە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا جارێکی دیکە لە نزیکەوە دۆستایەتی ڕاستگۆیانەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان- عێراق ببینن، ئاماژەی بەوەیش کرد کە ئیرادەیان بەردەوامە بۆ پێشخستنی ئەو هاریکارییەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم دروست بووە.

هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەردانی فەڕمی بۆ عێراق ئەنجامداوە و، لەگەڵ سەرکۆمار عەبدولڵەتیف ڕەشید و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.

سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژە بەوە کرد کە لە سەردانەکەدا دڵنیاییانداوە لە بارەی ئیرادەی هاوبەش بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و، جەختی لەسەر پشتیوانی تورکیا کردەوە بۆ ئەو هەنگاوانەی کە حکوومەتی عێراق بە سەرکردایەتی سوودانی بۆ پاراستنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق گرتوویەتیەبەر.

ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو هەنگاوانە کردووە کە دەتوانرێت بنرێت، بەتایبەتی لە بابەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بازرگانیی، گواستنەوە، وزە و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و رایگەیاند: "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر عێراق ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەی بە ڕێکخراوی قەدەغەکراو ناساند. خۆشحاڵی وڵاتەکەمانمان لەو بارەیەوە خستەڕوو. جارێکی دیکە جەختمان لەسەر چاوەڕوانیی وڵاتەکەمان کردوە بە ڕاگەیاندنی پەکەکە بە فەڕمی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی و کۆتایی هاتن بە بوونی لە عێراقدا. پشتیوان بەخودا لە قۆناغی داهاتووماندا ڕوونتر دەرەنجامەکانی ئەمە دەبینین. پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە باڵاترین ڕیزبەندی ڕۆژەڤماندا بوو. بەواژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی چوار قۆڵی ئاستێکی گرنگی دیکەمان لەم بارەیەوە بڕی. پستیوان بەخودا لەمەودواش مەودای دیکەش دەبڕین. هەروەها بە ٢٧ ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن زەمینەی پەیوەندییەکەمان بەهێز کرد. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبارەی چوارچێوەی ستراتیجی بە تایبەتی ڕەوتی پەیوەندییەکانمان ئاڕاستە دەکات. بەم شێوەیەش هەنگاوێکی مێژووییمان نا بەئاڕاستەی بەدەستهێنانی ناسنامەیەکی دامەزراوەیی و بنیاتنەر و بەرهەمهێن بە پەیوەندییەکانمان. هاوڕاین لەسەر جێبەجێ کردنی ئەم ڕێککەوتنانە بە شێوەیەکی کاریگەر. برایانی عێراقیشمان خاوەنی ئیرادەی پێویستن. لە بەغدا پێشوازیم کرد لە سەرکردە تورکمانەکان. بە برا تورکمانەکانمان ڕاگەیاند کە وەک وڵات و گەل هەردەم لە پاڵیان بووین و دەبین".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە تاوتوێی ئەو هەنگاوانەیان کردووە کە دەتوانرێت دژ بە هەڕەشەی رێكخراوی تیرۆریستیی پەکەکە بگیرێنەبەر و ڕایگەیاند: "دڵنیاییمان دا لەبارەی ئەوەی ئەو سەرکەوتنە درێژخایەنانەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەدەستمان هێناوە گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکەمان، بەشێوەیەکی گشتگیر هەڵسەنگاندنمان کرد بۆ پەیوەندیە ئابوورییەکانمان بەتایبەتی وزە، گواستنەوە، بازرگانی و وەبەرهێنان. گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەو تراژیدیا مرۆییەی لە فەڵەستین ڕوودەدات بەتایبەتی لە غەززە. هاوکات باسمان لەو گرنگییانە کرد کە دەیدەین بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق لە بەرامبەر کاردانەوەی نەرێنی دڕندەییەکانی ئیسرائیل لەسەر ناوچەکەمان و عێراق. پێم وایە ئەو هاریکارییانەمان لەگەڵ عێراق لەسەر ئاستی دووقۆڵی و ناوچەیی هاوکار دەبێت بۆ ئارامیی و سەقامگیریی هەموو ناوچەکە. هیوادارم کۆبوونەوەکانمان و ئەو بڕیارانەی دەرمانکردووە خێرداربێت بۆ وڵاتەکەمان. سوپاسی هەموو برا عێراقییەکانم دەکەم بۆ ئەو میوانپەروەریە دڵسۆزانە".

لە دوای لێدوانەکانی، سەرکۆمار ئەردۆغان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ عێراق کە راتانگەیاند 'لە هاوینی ئەمساڵەوە کێشەی تیرۆر لە سنووری عێراق چارەسەر دەکرێت' ئایا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراق جێگەی باسە؟ یان تورکیا خۆی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام دەدات؟ ئایا ئەم پرسە لە دیدارەکانتاندا گفتوگۆی لەسەر کرا؟ پرۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟ سەرکۆمار ئەردۆغان رایگەیاند: "لە عێراق و سووریاش بەتایبەتی زۆنگاوی تیرۆر تەنیا بە هەوڵی ئێمە وشک نابێت، بەڵکو بە هەوڵدان لەگەڵ حکوومەتەکانی هەر دوو وڵاتەکە دەبێت".

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بێوچان ڕووبەڕووی هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەبنەوە و، ڕایگەیاند: "وەک دەزانن ساڵانێکی زۆرە بەرەنگاریمان دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە کە بەتایبەتی لە عێراق و سووریا لانەیان کردووە درێژەی هەیە. لەمەودواش بە هەمان پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت. ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و گەشەپێدان و ئارامیی عێراق. لە بەرژەوەندی عێراقیشدایە ئەم مەترسییە نەهێڵدرێت. پێم وایە ڕاستییەکە دەبینن و ئیدی ئیرادە نیشان دەدەن بۆ لەناوبردنی ئەم مەترسییە. بۆ دیدگای گەشەپێدانی عێراق و ئاسایشی وەبەرهێنانە نێودەوڵەتییەکان پێویستە ئەم بەربەستە تیرۆریستییانە لەناوببرێن. بە هەر شێوەیەک بێت تیرۆر لەناودەبەین و پێداگرین لەسەر ئەمە. هەرگیز مەیدان بۆ تیرۆر و ئەوانەی لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ڕێ دەکەن و ئەوانەشی ئەمانە بەکاریدەهێنن چۆڵ ناکەین".

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە پرسی ئاو لە نێوان تورکیا و عێراقدا کە یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی نێوانیان، ئایا لەو بارەیەوە هاریکارییەک یان ڕێککەوتنێک دێتە ئاراوە کە هەردوولایەن کۆبکاتەوە، سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە گرنگیی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو کرد بە شێوەیەکی ژیرانە و، رایگەیاند: ''عێراق داواکاری لە تورکیا هەبوو سەبارەت بە پرسی ئاو. ئەوەی پێویستە لەم خاڵەدا بکرێت خستنەڕووی پلان و بەرنامەی نوێیە کە گونجاو بێت لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی کەشوهەوای جیهان و دڵنیابوون لە بەکارهێنانی بەردەوامی ئاو. نابێت ئەوەیش لەبیر بکرێت کە ئێمەش لانی کەم بەهێندەی ئەوان کێشەی ئاومان هەیە''.

سەبارەت بە دۆخی غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان رایگەیاند: "دەستبەسەرداگرتنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەرگا بەڕووی داگیرکارییەکانی دیکەیدا دەکاتەوە، کرانەوە بەڕووی نیشتەجێبوونی تیرۆریستانی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل شەڕانگێزتر دەکات".

گوتیشی: "ئەوەی لەدەستمان بێت بە زیادەوە دەیکەین بۆ چارەسەر. ڕەنگە هەمووان ئەم بابەتە پشتگوێ بخەن و لەبیری بکەن، بەڵام ئێمە هەڵوێستێکی لەو شێوەیەمان نابێت. بەردەوام دەبین لە ئاشکراکردنی ڕاستیی و خستنەڕووی تاوانەکانی ئیسرائیل. هیتلەری سەردەم ناتانیاهو و هاوبەشانی تاوانی ڕزگاریان نابێت لە لێپرسینەوە".

هەروەها سەبارەت بە پرسی دەستووری نوێی تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە تورکیا بە دەستوورێکی نوێخواز و ئازادیخواز بگات. پێم وایە جەهەپە پشتیوانی لە گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە دەکات".

ڕاشیگەیاند: ''ئەگەر سەردانەکەی بەڕێز ئۆزەل بە ئەنجام بگات، ئەوا گفتوگۆ لەسەر ئامانە دەکەین. لەمە سروشتی تر نییە کە داوای هەڵنانی هەنگاوێکی لەم شێوەیە بکەین''.

سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لە پێناو زیادکردنی خۆشگوزەرانی گەلەکەماندا ڕێوشوێن دەگرینەبەر. وەک حکوومەت پێداگرین لەسەر ئەنجامدانی هەر شتێک پێویست بێت بۆ ئەم کارە.

ڕاشیگەیاند: "کاری لە پێشینەمان و ئامانجی یەکەممان جێبەجێکردنی پاشەکەوتە لەخەرجیە گشتییەکاندا، لەگەڵ دابەزاندنی هەڵئاوسان و باشکردنی ئابوری. پێشتر لەوەدا سەرکەوتین و دیسان سەردەکەوینەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın