سوودانی: "گرنگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕێککەوتنی سیاسی ئەنجام بدرێت"
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە گرنگە سەرجەم لایەن و پێکھاتەکان بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بکەن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عومەر ئەحمەد محەمەد.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لەو ڕێوشوێنانە کراوە کە کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق گرتوویەتەبەر.
باسی لەوەشکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گرنگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕێککەوتنی سیاسی ئەنجام بدرێت و سەرجەم لایەن و پێکھاتەکان لە ھەرێم بەشداری لە پڕۆسەکەدا، بکەن، بۆ ئەوەی پرەنسیپی دادپەروەریی و یەکسانی لە ئەنجامدانی ئەم ئیستیحقاقە، بەدی بێت.
بڕیارە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ، خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەڕێوەبچیت و پڕۆسەکە ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لێکەوتووەتەوە و ئەگەری ھەیە پڕۆسەکە لەو وادەیە ئەنجام نەدرێت و بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوابخرێت.