Zana Natık Kerem
20 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2024
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پرسە و سەرخۆشی خۆی ئاراستەی ئێران کرد بۆ گیانلەدەستدانی سەرکۆماری ئەو وڵاتە ئیبراھیم ڕەئیسی و یاوەرانی بەھۆی تێکشکانی ھێلیکۆپتەرەکەیان لە باکووری ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی ئێران کردووە و تیایدا ھاتووە: "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین بۆ گیانلەدەستدانی ئیبراھیم ڕەئیسی و یاوەرانی".
ڕاشیگەیاندووە: "لەم کاتە دژوارەدا، عێراق پاڵپشتی لە ئێران دەکات".
ــ حکوومەتی عێراق یەک ڕۆژ ماتەمینی گشتی بۆ گیانلەدەستدانی سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و یاوەرانی ڕاگەیاند.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ڕایگەیاند کە دەربڕینی ھاوخەمی و ھاوسۆزییەک بۆ گەلی ئێران لەھەمبەر گیانلەدەدستدانی سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و چەند بەرپرسێکی دیکەی لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرەکەیان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، حکوومەتی عێراق سبەی سێشەممە ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لە سەرانسەری عێراق ڕادەگەیەنێت.
دوێنێ یەکشەممە ھێلیکۆپتەرێک کە سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان چەند بەرپرسێکی ئێرانی ھەڵگرتبوو، دوای گەڕانەوەی لە بەسەرکردنەوەی ھەوڵەکانی دروستکردنی بەنداوێک لەسەر سنوورەکانی ئازەربایجان، بەھۆی نالەباری کەشوھەواوە کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستداوە.