Zana Natık Kerem
19 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2024
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند کە لە ٢٦ی ئەم مانگە، تاقیکردنەوەیەک بۆ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشە و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەکە کە بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بەڕێوەبچێت.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری پلاندانانی عێراق، محەمەد عەلی تەمیم سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە کە لەبارەی تاوتوێکردنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئەنجامدراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە ھەریەک لە بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەزھار حوسێن ساڵح، ڕاوێژکاری نیشتمانیی عێراق بۆ سەرژمێری، مەھدی عەلاق و سەرۆکی ژووری پڕۆسەی سەرژمێری گشتی سەربە وەزارەتی پلاندانان، زیا عەواد کازم و نوێنەرانی کۆمپانیا جیھانییەکان کە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، زانیاری دراوە بە محەمەدعەلی تەمیم لەبارەی قۆناغەکانی کارکردن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، وەزیری پلاندانانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاندووە، پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دوا ناخرێت و لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ٢٦ی ئەم مانگە تاقیکردنەوەیەک بۆ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت و گوتوویەتی: "تاقیکردنەوەكە، پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".
محەمەد عەلی تەمیم هەروەها باسی لەوەش کردووە کە تاقیکردنەوەکە، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان، ئەنجام دەدرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لای خۆیەوە سەرۆکی ژووری پڕۆسەی سەرژمێری گشتی سەربە وەزارەتی پلاندانان، زیا عەواد کازم لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیاندووە کە سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواوکراون، بۆ ئەوەی لە ٢٦ی ئەم مانگە، تاقیکردنەوەیەک بۆ پڕۆسەی گشتی دانیشتووان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
لەئێستادا، وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە ٢٠ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئەنجام بدات کە ماوەی ٢٦ ساڵە لەو وڵاتە ئەنجام نەدراوە.