Zana Natık Kerem
19 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2024
ھەولێر ــ AA
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دانیشتنی خۆی بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی دواخست.
وابڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی سەبارەت بە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە، دواخرا.
پارێزەری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، ئەیاد کەکایی لەبارەی ھۆكاری دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، بەھۆی ئەوەی دوو لە دادوەرەکانی دادگای فیدڕاڵی مۆڵەتیان وەرگرتووە، بۆیە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگاکە دواخراوە.
ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی سکاڵایەکی لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، تۆمار کرد و تیایدا داوای لە دادگاکە کرد کە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ڕاگرتنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی یەکلایی دەکرێتەوە.
سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان تایبەتە بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسییەکەی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان.
ڕۆژی ٢١ی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، ١١ کورسی کۆتاکانی بە نادەستووریی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند کە پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە ١٠٠ ئەندام پێکدێت.