Zana Natık Kerem
07 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2023
ھەولێر – AA
پەلامارێکی چەکداری و تەقینەوەیەک لە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق روویاندا و لە ئاکامدا، ھەشت کەس کوژران و دوو دیکەیش برینداربوون.
پارێزگاری دیالە، موسەننا تەمیمی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاندووە کە لە رووداوێکی تاوانکارییدا لە قەزای میقدادییە (شارەبان) باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای دیالە، ھەشت کەس کوژران و دوو دیکەیش برینداربوون.
پارێزگاری دیالە، زانیاری و وردەکاریی زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
ھەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای دیالە بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە کە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو پەلاماری ماڵی سەرۆکھۆزێکیان داوە لە ناوچەی شاخە سەربە گوندی ھوزەینە باشووری قەزای میقدادییە.
بەگوتەی سەرچاوەکە دوای پەلامارەکە، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی پارێزەرێکدا لە ناوچەکە تەقیوەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە ئاکامی پەلامارەکاندا، ھەشت کەس کوژراون و سێ دیکەیش برینداربوون.
باسی لەوەش کردووە کە ھێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستی پێ کردووە و ئاماژەی بەوەیشداوە کە بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکان پەلامارەکان، ھێرشی تیرۆریستی بوون.
ئەو ناوچەیەی کە پەلامارە چەکدارییەکە و تەقینەوەکە تیایدا روویداوە، دانیشتوانەکەی سوننە مەزھەبن و ناوچەکەیش دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق کە بە ناوچەی کێشە لەسەری نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی دەست نیشان کراوە.