Rawan Subhi Obaidullah
07 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2023
دھۆک - AA
بەرلە پەیدابوونی مۆبایلى زيرهك داواكارییەكی زۆر لەسەر كاتژمێرى دهستى هەبوو، بەڵام چەند ساڵێك دەبێت خواست لەسەر کڕێن و بەكارهێنانی كاتژمێری دەستی كەمبووەتەوە، فرۆشیارێک ئاماژه بهوه دهكات کە پێشتر رۆژانە ٣٠ كاتژمێری دهفرۆشت، بەڵام ئێستا تەنها سێ كاتژمێر لە رۆژێکدا دەفرۆشن.
فرۆشیاری کاتژمێری دەستی لە سەنتەری شاری دھۆک، نزار یوسف کە ٢٩ ساڵە دووکانی فرۆشتنی کاتژمێری دەستی ھەیە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "١٣ ساڵ دەبێت کاتژمێر وەکو جاران باوی نەماوە، پێش ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١٢ و ٢٠١٣ رۆژانە ٣٠ بۆ ٤٠ کاتژمێری دەستیم دەفرۆشت، بەڵام ئێستا تەنھا سێ دانە دەفرۆشم، پەیدابوونی مۆبایلی زیرەک و ئایپاد کاریگەری ھەبووە لەسەر لاوازبوونی بازاڕمان، خەڵک پشت بە کاتژمێری ناو مۆبایل دەبەستێت بۆ زانینی کات، ئێمە لەو باوەڕەداین بەراورد بە ساڵانی پێشوو لەسەدا ٩٥ی بازاڕەکەمان لەدەستداوە، ئەوانەشی کاتژمێر دەکڕن زیاتر بۆ دیارییە، بەتایبەتی لە رۆژی ڤاڵانتاین، ئاھەنگی بوک و زاوا و ساڵڕۆژی ھاوسەرگیریی و لە دایکبوون".
کاتژمێر ئامرازێکە بۆ پێوانەکردن و زانینی کات بەکاردێت، مرۆڤ لە رابردوودا رێگەی جیاوازی بەکارھێناوە؛ وەک کاتژمێری خۆر و کاتژمێری ئاو و مۆم و شێوازەکانی تر، مێژووی دروستکردنی یەکەم کاتژمێری دەستیش بۆ سەدەی پانزەھەم دەگەڕێتەوە کە داھێنانی کاتژمێری دەستی لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە بوو، بە تایبەتی زانای ئەڵمانی، پیتەر ھێنلێین.
فرۆشیارێکی دیکە بەناوی رەمەزان بەھجەت لەو بڕوایەدایە ئەو کەسەی کاتژمێری دەستی بەکاردەھێنێت، لای ئەو کات زۆر گرنگی ھەیە و زیاتر کەسایەتییەکەی بەدیار دەخات و گوتی: "راستە بازاڕی فرۆشتنی کاتژمێر لاواز بووە، بەڵام کاتژمێر لەناو ناچێت ئەبدێت دەبێتەوە، بۆ نموونە ئێستا کاتژمێری زیرەک پەیدابووە، کۆمپانیاکان سوودیان لە تەکنۆلۆجیا بینیووە، راستە لە مۆبایلدا کات ھەیە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کاتژمێری دەستی بەکار نەھێنی، ئەگەر وایە ئەی بۆچی کەسانی بواری وێنەگرتن کاری خۆیان بە کامێرا دەکەن کە چی لەناو مۆبایل کامێرا ھەیە، کاتژمێری زیرەک لە زۆر شوێن قەدەغەیە، بەڵام کاتژمێری تری کۆن ئاسایییە".
مێژووی سەرھەڵدانی ئامێری مۆبایل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٧کە کۆمپانیای لۆستی بواری تەکنۆلۆجیا دەستی کرد بە تاقی کردنەوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایە نەیتوانی ببێتە خاوەنی بەرھەم ھێنانی یەکەم مۆبایل، مارتن کۆپەری ئەمریکی کە توێژەر بوو لە کۆمپانیای مۆتۆرۆلا بۆ پەیوەندییەکان لە شاری شیکاگۆ، توانی ئەو داھێنانە بکات و لە سێی نیسانی ساڵی ١٩٧٣ یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنیی ئەنجام دا، بەمەش بووە یەکەم کەس کە مۆبایلی بێتەلی داھێناوە.
فەرھاد داغگول یەکێک لەو کەسانەیە کە هەروەک خۆی دەڵێت، ئارەزووی لە بەکارهێنانی کاتژمێری زیرەک نییە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خەڵکی شاری وان-م لە تورکیا، سەرەڕای ئەوەی کە مۆبایلمان ھەیە وەکو زۆربەی خەڵک و کاتژمێری تیادا ھەیە، بەڵام من ھەر کاتژمێری دەستی بەکاردەھێنم و کەیفم بە کاتژمێری زیرەک نایەت، گەنجەکان راستە حەزیان لە کاتژمێری زیرەکە، بەڵام کەسانی سەرووی ٤٠ ساڵ ئارەزوویان لە کاتژمێری ترە، ئەوانەی کە ئەلیکترۆنی نین".