Rewa Mahmood Hasan
07 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2023
سلێمانی- AA
هەموو ساڵێک نیوەی مانگی شەعبان لە ساڵنامەی كۆچیدا كە لە ناو كوردا بە ( شەوی بەرات) هاتووە، بۆتە بۆنەیەكی ئاینی و گرنگ کە تایبەتمەندی خۆی لە ئاینی ئیسلامدا وەرگرتووە، ئەم شەوە دەكەوێتە ١٥ هەمین رۆژی مانگی شەعبان، لە نوێژی شێوان دەست پێدەكات و بە نوێژی بەیانی رۆژی دواتر كۆتایی دێت.
لەهەرێمی کوردستانیش بە تایبەت لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ئەم یادە دەکرێتەوە و منداڵان لەم شەوەدا دەگەڕێن بەنێو ماڵەکان بۆ کۆکردنەوەی شیرینی و نوقڵ.
واتای وشەی بەرات، لە وشەیەكی عەرەبیە و لە (البراءة)ـەوە هاتووە، كە لە كوردیدا بە واتای (پاكی) دێت، وەک جێگری لێپرسراوی لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئیسلامی، مامۆستا عەتا محەمەد پێنجوێنی باسی لێوە دەکات لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتووە و زانایان وای بۆدەچن کە مەبەست لەم شەوەیە کە قورئانی پیرۆزی تیا هاتبێتە خوارەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە چەندین ریوایەتی دیکە لەسەر ئەم بابەتە هەیە و پێیان وایە جەژنی فریشتەكانە، فریشتەكانیش پاك و بێ گوناهن، و هەندێك دەڵێن لەو شەوەدا قیبلەی موسڵمانان گۆڕدراوە، ئاوی زەمزەم زیادی کردووە.
مامۆستا عەتا پێنجوێنی دەڵێت،'' شەوی بەرات دەكەوێتە ١٥ یەمین رۆژی مانگی شەعبانی ساڵنامەی كۆچی واتە ١٥ رۆژ پێش هاتنی مانگی رەمەزان شەوی بەرات وەك خۆی لە قورئاندا ناوی نەهاتووە و لە ئایەتی سێیەمی سورەتی (الدخان)دا خوای گەورە ئاماژە بە شەوێكی پیرۆز دەكات و دەفەرموێت (انا انزلناه فی لیلە مباركة انا كنا منذرین)".
گەورەیی شەوی بەرات و مێژووی بەرزڕاگرتنی ئەو شەوە لە ناو کورددا بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وەک مامۆستا عەتا پێنجوێنی باسی لێوە دەکات بەرات لە هەریەكە لە وڵاتانی ئێران و عێراق و میسر و بەحرێن یاد دەكرێتەوە و دەڵێت، '' پێشتر لەهەرێمی کوردستانیش لە ئێوارەی شەوی بەراتدا خواردنی تایبەتیان ئامادە كردووە و قورئانیان خوێندووە و منداڵانیش بە ماڵاندا گەڕاون و شیرینیان وەرگرتووە و ئەم شێوازەی ئێستای وەرگرتووە. بەرات زیاتر لە شاری سلێمانی گرنگی پێدەدرێت و بۆتە بۆنەیەكی دیاری شارەكە و نوسەران و شاعیران و گەورە پیاوان ئاماژە بەوە دەكەن كە لە دێر زەمانەوە یادی بەرات كراوەتەوە و منداڵان تێیدا دڵخۆش کراون و ئەمە هیچ لادانێکی دینی تێدا نییە".