Fakhradın Ibrahım Mohammad
11 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق عادل عەبدولمەهدی کرد.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق عادل عەبدولمەهدی بە یاوەری شاندێکی باڵا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێکرا.
شاندی حکوومەتی عێراق پێکهاتووە لە هەریەکە لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوە محەمەد عەلی حەکیم، وەزیری پلاندانان نوری دلێمی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی قوسەی سوهەیل، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری مستەفا کازمی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران عەبد حوسێن هەنین و هەروەها جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان فەریق عەبولئەمیر یاڕەڵڵا.
وێستگەی یەکەم سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەولێر دیدار و کۆبوونەوە بوو لەگەڵ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی.
دواتر سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا و شاندی دوو لایەن کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، وەزیری ناوخۆ رێبەری ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەفین دزەیی، وەزیزی ئابووری ئاوات شیخ جەناب، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئومێد سەباح و هەروەها وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدرالی خالید شوانی، ئامادە بوون.
بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق دواتر لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.
دۆخی عێراق و بە تایبەت رووداوەکانی دوای کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس قاسم سولەیمانی لە عێراق، تەوەری سەرەکی دیداری نێوان سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەبێت.
دوای دەستلەکار کێشانەوەی، ئەوە یەکەم سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدیە بۆ هەرێمی کوردستان.