Fakhradin Ibrahim Mohammad
25 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لەسەر پرسی مانەوەی نەخۆشێک لەسەر شەقامەکانی قەزای کەلار و وەرنەگرتنی لەلایەن نەخۆشخانەکانەوە هاتە دەنگ و داوای لێکۆڵینەوە دەکات.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە بارەی نەخۆشێک کە نیشانەکانی تووشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێوە دیار بووە و لەلایەن نەخۆشخانەکانی قەزای کەلار سەربە ئیدارەی گەرمیان وەرنەگیراوە، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی بە نووسراوێک داوای لێکۆڵینەوە دەکات.
نووسراوەکە کە بە واژووی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رۆژی ٢٤ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە، داوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمییەکان دەکات.
سامان بەرزنجی لە نووسراوەکەدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی گەرمیانی کردووە، داوای لێکردوون کەموکۆڕی پێداویستییەکانی پێڕابگەیەنن و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش ئاگاداری بکەنەوە.