25 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2020
ئەمرۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا بە بەشداری ٢٧ ئەندام لە کۆی ٢٨ ئەندام، پرۆسەی دەنگدانی ئەنجامدا بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ دھۆک و بە کۆی دەنگ عەلی تەتەر ھەڵبژێردرا بە پارێزگاری نوێی دھۆک.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک، فەھیم عەبدوڵڵا گوتی: "ئێمە بەڵێن دەدەین کە بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری پارێزگاری نوێی دھۆک بکەین بۆ ئەوەی بتوانێت زۆرترین خزمەت پێشکەش بە پارێزگاکەمان بکات و سوپاسی پارێزگاری پێشوی دھۆک، فەرھاد ئەترۆشی دەکەین کە لە قوناغێکی زۆر سەختدا پارێزگاری دھۆک بووە و بەپێی توانای خۆی کاری باشی ئەنجامداوە".
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری ھەڵبژێردراوی دھۆک، عەلی تەتەر وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئێمە ئێستا بەرنامەی کاری خۆمان ناخەینە روو بەڵکو لێکوڵینەوە دەکەین لەگەڵ چەندین کەسایەتی پسپۆر بۆ ئەوەی ھەموو زانیاریەکان کۆبکەینەوە و بزانین دھۆک پێویستی بە چ شتێکە و چی پێویستە بۆ دھۆک بکرێت و لەژێر رۆشنایی ئەو زانیاریانە، ئێمە بەرنامەی کاری خۆمان دادەرێژین و دواتر داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک دەکەین و تیایدا بەرنامەی کاری خۆمان دەخەینەڕوو" .
عەلی تەتەر باسی لە سەروەری یاسا کرد و گوتی: "یەکەم کارمان ئەوە دەبێت کە لە پارێزگای دھۆک یاسا بچەسپێنین و لەمەودوا لە دھۆک یاسا سەروەردەبێت و ھەموو کەس لەژێر یاسا دەبن و ھیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نابێت".
پارێزگاری ھەڵبژێردراوی دھۆک، عەلی تەتەر گوتیشی: "ئێمە ھیچ جیاوازییەک ناکەین لەنێوان خەڵکەکەمان و یەکسانی دەچەسپێنین و ھیچ جیاوازییەک ناکەین لەنێوان خەڵک لە ھەر ئایینێک یان نەتەوەییەک یان پارتێکی سیاسیی بێت ھەموو خەڵکی دھۆک بە یەک چاو سەیر دەکەین".
عەلی تەتەر باسی کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی پیشەسازیی و کەرتی گەشتیاریی کرد و گوتی: "خوای گەورە ھەندێک شتی باشی بەخشیوەتە پارێزگاکەمان و بەپێی توانامان دوای باشبوونی بارودۆخەکە لەڕووی ئابووریی و تەندروستییەوە ئێمە ھەوڵدەدەین گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ بدەین چونکە پارێزگای دھۆک خاوەن ژینگەیەکی سروشتیی بە پیتە بۆ کاری کشتوکاڵ و لەڕووی پیشەسازییەوە ھەوڵدەدەین تواناکانمان بخەینە گەڕ و کارگەی نوێ دابمەزرێنین و لەڕووی گەشتوگوزاریشەوە پارێزگاکەمان خاوەن چەندین شوێنی سەرنجڕاکێشە و ھەوڵدەدەین بەشێوەیەکی باش ئەو کەرتە پێشبخەین".
دواتر لە کۆنگرەیەکی روژنامەوانییدا پارێزگاری ھەڵبژێردراوی دھۆک، عەلی تەتەر وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە بارەی ئازادی رادەربڕین عەلی تەتەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئێمە بڕوامان بە ئازادی ھەیە لە چوارچێوەی یاسادا و لە ھەموو جیھانیش ئازادی یەکسان نییە بە بەرەڵایی، ئێمە رێز لە ئازادی رادەربڕین دەگرین، بەڵام رێگەیش نادەین لە دەرەوەی یاسا ئەم بابەتە بۆ مەرامی تایبەت بەکاربھێنرێت".
لەبارەی بوونی تیرۆریستانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان پارێزگای دھۆک، عەلی تەتەر گوتی: "بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دھۆک بووەتە ھۆی ئەوەی کە چەندین گوند و ناوچە چوڵ بکرێن و خەڵکی سڤیل ببێتە قوربانی، بۆیە داوا دەکەین ئەو چەکدارانە ناوچەکانمان چوڵ بکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان سیادەی خۆی ھەیە و ناوچەکانی ئێمە شوێنی ئیشکردنی ئەوان نییە با بچنە ناوچەکانی خۆیان و کێشەکانی خۆیان لەوێ چارەسەر بکەن".
عەلی تەتەر لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٨ە و ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە مێژوو و لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تا ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٧ کراوە بە بەرپرسی لقی ھەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخو.