Tevfik Durul
09 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2020
بەغدا/ ئەنقەرە - AA
وەزيرى دەرەوەى توركيا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، عێراق لەم ناخۆشييانەى كە بەسەريدا هاتووە بە تەنها نييە، توركيا لەگەڵ عێراق پێكەوە كار لەسەر تێپەڕاندنى ئەم ناخۆشييانە دەكەن.
چاوشئۆغڵو، لە ميانى سەردانەكەى بۆ عێراق لە پاش كۆبوونەوەى لەگەڵ وەزيرى دەرەوەى عێراق، محەمەد عەلى حەكيم كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى هاوبەشيان ئەنجامدا.
چاوشئۆغڵو، رايگەياند كە ئەو بە تايبەتى لەسەر رێنمايى سەركۆمارى توركيا، رەجەب تەيب ئەردۆغان ئەم سەردانەى بۆ عێراق ئەنجامداوە و گوتى: "ئەو پەيامەى كە دەمانەوەێت بيگەیهنين ئەوەيە، عێراق بە تەنها نييە و لەگەڵ عێراق پێكەوە ئەم رۆژە سەختانە تێدەپەڕێنين".
چاوشئۆغڵو گوتى: "ئێمە نامانهوێت عێراق ببێته گۆڕهپانی پێكدادانی هێزه بیانییهكان".
وەزيرى دەرەوەى توركيا، ئاماژەى بە كێشەكانى عێراق كرد لەگەڵ رێكخراوە تيرۆريستييەكانى وەكو داعش و پەكەكە و گوتى: "لە كاتێکدا عێراق رووبەڕووى گرفت دەبێتەوە لە بەڕێوەچوونى دووبارە بنياتنانەوەى، پێويستە ئەم گرژييانەى كە هێزە دەرەكييەكان درووستى دەكەن كار لەسەر عێراق نەكات. دەبێت هەموو لايەك رێز لە يەكپارچەيى خاك و سەروەریى عێراق بگرێت".
مهولود چاوشئۆغڵو، گوتيشى: "ديپلۆماتييەكى چڕمان لەگەڵ لايەنەكانى ئێران و ئەمريكا و سكرتێرى گشتيى نەتەوەيەكگرتوەكان، ئەنتۆنيۆ گوتیرێس و هەروەها لەگەڵ سەرۆك و وەزيرانى دەرەوەى وڵاتان، دهستپێكردووه".
چاوشئۆغڵو جەختى لەوە كردەوە كە سەرجەم لايەنەكان نيگەرانن لەم گرژييانە و گوتى: "هەموومان پێكەوە كار دەكەين بۆ كەمكردنەوەى گرژييەكان و پێويستە بەردەوامبين لەسەر كاركردن. جارێ ناتوانين بڵێين هەموو شتێك تەواو بووە. بە ئەرێنى پێشوازیى لەو پەيامە ژيرانەیه دەكەين كە دوێنێ لە ئەمريكا و ئێرانەوە هاتن. بەڵام بۆ ئەوەى گرژیى و ئاڵۆزييەكان بە تەواوەتى نههێڵین پێويستە بەردەوامبين لەسەر كاركردن".