Sarmand Hameed
10 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە خەرجکردنی بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەک پاداشت بۆ خێزانی ئەو کارمەندانەی سەربە وەزارەتی تەندروستیین و بەھۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیهندراوێکدا بڵاویکردەوە "ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر پێشنیازی وەزیری تەندروستیی، حەسەن تەمیمی داوە بۆ پاداشتكردنی خێزانی ئەو کارمەندانەی کە سەر بە وەزارەتەکەن و دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە".
لە راگەیهندراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بەوەشدراوە کە "وەک رێزێک بۆ ھەوڵ و تێکۆشانیان لەپێناو سەلامەتی ھاووڵاتییان و ئاسایشی تەندروستیی عێراق، بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەک پاداشت دهدرێته خێزانی ھەر کارمەندێکی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە کە بەھۆی کۆرۆناوە بووەتە قوربانیی".
بەپێی دوایین داتای وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، گەیشتووەتە ٧٣٥ ھەزار و ٦٢٦ کەس و لەو ژمارەیەش ١٣ ھەزار و ٦١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٦٨ ھەزار و ١٥٣ی دیکەیش چاکبوونەتەوە.