Sarmand Hameed
10 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
بەغدا - AA
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری ناسڕییە ئۆتۆمبێلێک خۆی كردووه بهناو کۆمەڵە خۆپیشاندەرێکدا کە بهمهبهستی داواکاریی دامەزراندن لە دامودەزگاکانی حکوومەت، گردببوونەوە، و بههۆیهوه لانیکەم چوار خۆپیشاندەر برینداربوون.
سەرچاوە ئەمنییەکە کە پلەی ئەفسەر بوو، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە نزیک پردی زەیتوون، لە ناوەندی شاری ناسڕییە، ئۆتۆمبێلێکی خێرا، بە ئەنقەست خۆی كرد بهناو گردبوونەوەیەکی خۆپیشاندەرانی بێکار و شۆفێرەکەی بەرەوە شوێنێکی نادیار ھەڵات".
سەرچاوە ئەمنییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەھۆی ئەوەی رێگەپێدراو نییە لێدوان بۆ راگەیاندنەکان بدات، رشیگهیاند: "رووداوی شێلانەکە، کە تاکو ئێستا ھۆکارەکەی نەزانراوە، لانیکەم برینداربوونی چوار کەسی لێکەوتووەتەوە".
ھاوکات، سێ شایەتحاڵ بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند، دەیان کەسی بێکار لە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاكان، بە مەبەستی داواکردنی دامەزراندنیان لە کەرتی گشتی، لە ناوەندی شاری ناسڕییە کۆبوونەوە.
شایەتحاڵەکان گوتیشیان، لەگەڵ بڵاوەپێکردنی ژمارەیەکی زۆری ھێزی نەھێشتنی توندوتیژی، خۆپیشاندەران پردەکانی "نەسڕ" و زەیتوون"ی سەر رووباری فوراتیان بە رووی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخست.
جێگەی باسە، پارێزگای زیقار کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی تێدا دەژی، یەکێکە لە سەرچاوە چالاکەکانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان. بەشێکی زۆری ھاووڵاتییانی، ناڕەزایەتی لە بەرامبەر خراپی بەڕێوەبردن، خراپی خزمەتگوزاری و کەمی دەرفەتی کار دەردەبڕن.
بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی بێکاری لەو وڵاتە دەوڵەمەندەی نەوت، سەدا ٢٧ـە، و رێژەی ھەژاریش سەدا ٣١،٧ـە.
لە عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩وە، ناو بەناو خۆپیشاندان، بەھۆی خراپی بارودۆخی ئابووری و بە گوتەی خۆپیشاندەران بەردەوامبوونی گەندەڵى دارایی و سیاسی بەردەوامە.