Rawan Subhi Obaidullah
03 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2022
دھۆک - AA
ئەمڕۆ دوو گەنجی شاری زاخۆ بە مەبەستی مەلەکردن چوبوونەتەوە سەر رووباری خابوور کە گەنجێک لە ئاوەکەدا دەخنکێت و ئەوەی دیکەش رزگاری دەبێت.
بە پێی گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی دوو گەنجی زاخۆی بە مەبەستی مەلەکردن دەچنە سەر رووباری خابوور کە لە ئەنجامدا گەنجێک خنکاوە و ئەوەی دیکەش رزگاری بووە.
بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ، ئەڤیندار عزەت بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئەمڕۆ ئێوارە ھاووڵاتییەکی خەڵکی زاخۆ بە ناوی سەبری ئەحمەد کە تەمەنی ٢١ ساڵە لە کاتی مەلەکردن لە ئاوی خابووردا خنکاوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی بەردەوامن بۆ بینینی تەرمەکەی و ھێشتا نەیانبینیووە و چەند ھاوڵاتییەک کە لەو شوێنە بوون ھاورێیەکی سەبری-یان لە خنکان رزگارکردووە".
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ساڵانە خەڵکێکی زۆر دەچنە سەر ئاوی پردی دەلال، لە سەر رووباری خابوور لە قەزای زاخۆ، بۆ مەلەکردن بەڵام بەھۆی نەشارەزاییان لە مەلەکردندا، ساڵانە چەندین کەس لەئاوەکەدا دەخنکێن و بە پێی گۆتەی بەرگری شارستانی زاخۆ ساڵانە لە ١٠ حالەتی خنکان لە رووباری خابوور تۆمار دەکرێن.