Azad Mohammed Abdullah
25 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2018
زاخۆ - AA
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارى زاخۆ، محەمەد ئەحمەد رایگەیاند کە کار لەسەر ئەوە دەکەن لە ئایندەدا رێکخراوى یونیسکۆ ناوى پردى دەلال بخاتە لیستى شوێنەوارەکان.
محەمەد ئەحمەد بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پردى دەلال تا ئێستا چوار جار نۆژەنکراوەتەوە، یەکەم نۆژەنکردنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ١٩٤٠، هەروەها لە ساڵەکانى ١٩٧٠ و ١٩٨١ لە لایەن حکوومەتى ئەو کاتى عێراقەوە نۆژەنکراوەتەوە، دواى لێکۆڵینەوەیەکى زانستییانە بۆمان دەرکەوت نۆژەنکردنەوەکان بە چەندین ماددە کراوە کە بەشێکى زۆرى لە هێما شوێنەوارییەکانى لەدەستداوە، خۆشبەختانە بۆ جارى چوارەم حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە رێگاى چەندین تیمى پسپۆڕ بە شێوەیەکى زانستیانە نۆژەنکردنەوەى پردەکەى دەستپێکرد و سیماى راستەقینەمان بۆ پردەکە گەڕاندەوە".
هەروەها گوتیشى: "حکوومەتى هەرێمى کوردستان ٥٨٠ ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەى پردى دەلال لە زاخۆ تەرخانکردووە، هەموو کارەکان تەواوکراون و لەسەدا ٧٥ى هەیکەلى پردەکە نۆژەنکراوەتەوە و کارى نۆژەنکردنەوەى هەیکەلى پردى دەلال لە قۆناغى کۆتاییە لەئێستادا هیچ مەترسییەک لەسەر رووخان و شێوانى ئەو پردە نەماوە، ئەو بەردانەى لە نۆژەنکردنەوەى پردەکە بەکاردەهێنین هەمان جۆرى ئەو بەردانەیە کە یەکەم جار پردەکەى لێ دروستکراوە، دواى لێکۆڵینەوەیەکى زۆر ئەو بەردانەمان لە چیای گارە دەستکەوت. لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەو سەدا ٢٥ى دیکەى هەیکەلى پردەکە نۆژەندەکرێتەوە".
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارى زاخۆ لەبارەى رووبەر و مێژووى دروستکردنى پردەکە دەڵێت "پردى دەلال سیمبولى قەزاى زاخۆیە و لەبەرد دروستکراوە و بەرزییەکەى ١٥ مەتر و پانییەکەى چوار مەتر و درێژییەکەى ١١٤ مەترە. بەپێى سەرچاوەکانمان مێژووى دروستکردنى پردى دەلال دەگەڕێتەوە بۆ پێش هەزار و ٧٠٠ ساڵ زیاتر، دیراسەتکردن بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنى مێژووى وردى دروستکردنى پردەکە و ئاشکراکردنى ئەو کەسەى دروستیکردووە".
سەبارەت بە گرنگى ئەو پردە لە رووى ئابوورى و گەشتیارییەوە محەمەد ئەحمەد ئاشکراى دەکات کە پردەکە سەرنجى گەشتیارانى راکێشاوە و بەشى هەرە زۆرى گەشتیارانى ناوخۆیی سەردانى پردەکە دەکەن و ژمارەیەکی کەمیش لە گەشتیارانى بیانى دێن لە پردەکە وێنەى یادگارى دەگرن.