Azad Mohammed Abdullah
17 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2018
دهۆک - AA
جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل، فرسەت عەلى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەنگاوى نۆژەنکردنەوەى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل و دروستکردنى سێیەم پرد لە دەروازەکەدا لە لایەن تورکیا و بە راوێژ لەگەڵ کاربەدەستدانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە دەروازەکەدا گرنگە و هەنگاوێگى باشە لە بوارى گەشەسەندنى ئابوورى و بازرگانى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى".
گوتیشى: "سەرجەم کارەکانى سێیەم پردى دەروازەى ئیبراهیم خەلیل تەواو بووە، تەنها رێوەڕەسمى کردنەوەى پردەکە ماوە، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانى حکوومەتى تورکیا دەکەین، رۆژانە چەند بارهەڵگرێک بەبێ بار بە پردەکەدا دەپەڕنەوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمى نەکراوەتەوە".
فرسەت عەلى ئاماژەى کرد بە بەردەوامى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان و گوتى: "بەبێ بوونى هیچ کێشە و بەربەستێک ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان بەردەوامە و دواى نۆژەنکردنەوە و دروستکردنى سێیەم پرد لە دەروازەکەدا، چاوەڕوان دەکرێت رێژەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بێتەوە".
جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل دەڵێت "لە بەرنامەى ئیدارەى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل دایە بۆ سەرەتاى مانگى داهاتوو سەرجەم ئامار و رێژەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بە وردى بڵاو بکەینەوە".
سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى پارێزگاى دهۆک، ئەیاد شێخ حەسەن بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل یەکێکە لە گرنگترین دەروازەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان، کە تورکیا بە عێراق و وڵاتانى کەنداو دەبەستێتەوە و هەرێمى کوردستان بە تورکیا و وڵاتانى ئەورووپا دەبەستێتەوە".
ئەیاد شێخ حەسەن گوتیشی: "ئەم دەروازەیە تەنها بۆ بازرگانى بەکارنایەت، بەڵکو بۆ گەشتیارى و هاتوچۆى گەشتیارانیش سوودى زۆرى لێدەبیندرێت".