Azad Mohammed Abdullah
14 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2018
دهۆک - AA
کوردانى ئێزدى قۆناغى یەکەمى نۆژەنکردنەوەى پەرستگەى لالشى-یان لەسەر تێچووى خۆیان دەستپێکردووە و داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش دەکەن لە نۆژەنکردنەوەى پەرستگەکە هاوکارییان بکات.
لە پەرستگەى لالش دەیان گەنج و پیر تەنانەت منداڵانیش خۆبەخشانە بە هەرەوەزى رۆژانە زیاتر لە هەشت کاتژمێر کار دەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەى پەرستگەکەیان، ئەو کوردە ئێزدییانە پێیانوایە هەر ئێزدییەک خۆبەخشانە کاربکات لە پەرستگەى لالش خوا لە ناخۆشى و دەردەسەرى دەیپارێزێت.
لە دەروازەى پەرستگەکە دەیان گەنج سەرقاڵى درستکردنى ئاوەڕۆیەکى گەورەن تاوەکو لەکاتى باران باریندا ئاو لەناو بەشەکانى پەرستگەکەدا کۆنەبێتەوە، لە تەک ئاوەڕۆکەدا پیاوێکى تەمەن ٣٧ خەریکى تاشینى بەردە لەسەر ئەو نەخشانەى کە لەگەڵ بیروباوەڕى ئایینى ئیزدى گونجاوە، دەیەوێت بە تاشینى بەردەکان نەخش و هێماکانى پێش سەدان ساڵ نوێ بکاتەوە، ئەو پیاوە ریش و سمێلە رەشەکەى لەبەر تەپ و تۆزى بەردەکان سپى بووە و هەر چەند بەردێک دەتاشێت بە پشتى دەستى ئارەقەى نێوچەوانى دەسڕێتەوە و بەردەوامى بەکارەکەى دەکات.
سەرپەرشتیارى ئەندازیارى پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەى پەرستگەى لالش، خالد نەرمۆ هاوکات بەڕێوەبەرى شارەوانى قەزاى شێخان لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "وەکو ئاشکرایە لالش یەکێکە لە گرنگترین پەرستگەى ئایینى ئێزدى لە سەرانسەرى جیهان بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى، خەڵکى ئێزدى لە هەموو شوێنێکى دونیا رووى لێدەکەن بۆ ئەنجامدانى فەریزەى حەج لە ئایینى ئێزدیدا".
ئەو سەرپەرشتیارەى پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەى پەرستگەى ناوبراو رووى قسەکانى دەکاتە حکوومەتى عێراق و دەڵێت "بەداخەوە چەندین ساڵە حکوومەتى عێراق هیچ ئاوڕێکى لە کوردانى ئێزدى و نۆژەنکردنەوەى پەرستگەى لالش نەداوەتەوە، دواى ئەو هەموو کەمتەرخەمییەى حکوومەتى عێراق، خۆشبەختانە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى ٢٠١٢ بە گوژمەى ١٥ ملیۆن دۆلار ماستەر پلانى نۆژەنکردنەوەى پەرستگەى لالش لە لایەن کۆمپانیایەکى بیانى کەوتە بوارى جێبەجێکردن و پڕۆسەکەیش تا ساڵى ٢٠١٤ بەردەوام بوو، بەڵام بە هۆى شەڕى داعش و سەرهەڵدانى قەیرانێکى سەختى دارایی لە هەرێمى کوردستان پڕۆژەکان وەستێندران. دواى پێنج ساڵ لە لایەن ئەنجوومەنى روحانى ئێزدى بڕیاردرا دەست بکەین بە نۆژەنکردنەوەى پەرستگەى لالش".
خالد نەرمۆ ئاشکراشى کرد کە سەرجەم ئەندازیار و کرێکار بە هەموو تەمەنە جیاوازەکانیانەوە خۆبەخشانە رۆژانە زیاتر لە هەشت کاتژمێر هەڵدەستن بە کارەکانى نۆژەنکردنەوەى پەرستگەى لالش، داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکات کە چۆن پێش شەڕى داعش و قەیرانى دارایی گرنگى بە پەرستگەى لالش دەدا، بە هەمان شێوە جارێکى دیکە گرنگى بە پەرستگەى لالش بدات و بوودجەیەکى تایبەت بۆ پەرستگەکە تەرخان بکات.
بە گوێرەى زانیارییەکانى مێژووناسانى کوردانى ئێزدى بێت مێژووى پەرستگەى لالش بۆ پێش چەند هەزار ساڵێک دەگەڕێتەوە، ئێزدى ئەو پەرستگەیە بە پیرۆزترین و گرنگترین پەرستگەى ئایینى خۆیان دەزانن بۆ ئەنجامدانى رێوەڕەسمە ئاینییەکان.
چیاکانى عەرەفات، مشەت و حەزرەت پەرستگەى لالش-یان داشاردووە و، نەک هەر لالش بەڵکو پەرستگەى شەرەفەددین لە دامێنى چیاى شنگال و پەرستگەى مامەت رەشان لە بنارى چیاى مەقلوب لە ناوچەیەکى دوورە دەستى پارێزراو لە چاوى خەڵک ئاوەدانکراون، وەکو بەرپرسى راگەیاندن و رۆشنبیرى پەرستگەى لالش، لوقمان سلێمان ئاماژەى پێدەدا هۆکارى سەرەکى ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانى ژمارەیەکى زۆر لە قڕکردنى کوردانى ئێزدى لە سەدەکانى رابردوودا.
دەشڵێت "تا ئێستا ٧٣ فەرمانى قڕکردن بەسەر کوردانى ئێزدى سەپێندراوە و کوشتنى زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کوردى ئێزدى بەدوایخۆیدا هێناوە هەروەها لە کۆى ئەو هەموو فەرمانانە بە زۆرەملێ ئایین بە زیاتر لە یەک ملیۆن کوردى ئێزدى گوڕاوە".