ژيان

"پڕۆژەکانی ناوخۆ ساڵانە چوار هەزار تۆن ماسی بەرهەمدەهێنن"

سەعید: "وەک دەستپێشخەرییەک، بەر لەوەی کارەساتەکە بگاتە هەرێمی کوردستان لە دوو لایەنەوە دیراسەمان بۆی کرد و بڕیارماندا کە هێنانی ماسی خواردن و ماسی بۆ پڕۆژەکان بە هەموو شێوەیەک رابگیرێت".

Hemin Hüseyin  | 14.11.2018 - نوێکردنەوە : 15.11.2018
"پڕۆژەکانی ناوخۆ ساڵانە چوار هەزار تۆن ماسی بەرهەمدەهێنن"

Arbil

هەولێر - AA

دوو هەفتە لەمەوبەر بە هۆکارێکی نادیار ملیۆنەها ماسی لە پارێزگای بابل و چەند پارێزگایەکی دیکە لەناوچوون و بەم هۆیەوەشەوە نرخی ماسی لە پارێزگاکە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لە هەرێمی کوردستانیش هاوردەکردنی ماسی قەدەغەکرا

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سیروان سەعید ئاماژە بەوە دەکات دوای رووداوەکە پەیوەندییان بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە و راشیدەگەیەنێت کە تا ئەنجامی پشکنینەکان دەرنەچێت، ئەوا هاوردەکردنی ماسی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت.

سیروان سەعید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە دوای وەرگرتنی زانیاری لە میدیاکانەوە ئەو ژمارە زۆرە ماسییە مرداربووەتەوە، پەیوەندیمان بە وەزارەتی کشتوکاڵ و لێپرسراوانی بەشی ماسی کرد، بۆمان دەرکەوت کە هۆکارەکەی نادیارە، بە هۆی ئەوەی تاقیگەی پێشکەوتوو لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق نییە، بۆیە نموونەی هەندێک لە ئاو و ماسی و هەندێک لە خۆراکەکانیان ناردووە بۆ نەمسا و ئوردن و تا ئێستاش ئەنجامەکەی نەگەڕاوەتەوە".

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سیروان سەعید گوتیشی: "وەکو دەستپێشخەرییەک، بەر لەوەی کارەساتەکە بگاتە هەرێمی کوردستان لە دوو لایەنەوە دیراسەمان بۆی کرد و بڕیارماندا کە ماسی خواردن و ماسی بۆ پڕۆژەکان بە هەموو شێوەیەک رابگیرێت، تاوەکو بڕیاری کۆتایی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر رۆشنایی ئەنجامی تاقیگەکان دەردەچێت، دوای ئەوە ئێمەش بڕیارێکی گونجاو دەدەین".

لە هەرێمی کوردستان ٣٩٣ پڕۆژەی مۆڵەتداری بەخێوکردنی ماسی هەیە کە ساڵانە توانای چوار هەزار تۆن ماسییان هەیە، ئەمە جگە لەو پڕۆژانەی کە بێ مۆڵەتن و ساڵانە ماسی بەرهەمدەهێنن.

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سیروان سەعید ئاماژە بەوەش دەکات کە هەرێمی کوردستان هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی لە بواری بەرهەمهێنانی ماسییدا بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەگەر پێویستی کرد دەتواندرێت ماسی لە وڵاتانی تورکیا و ئێران هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، سیروان سەعید گوتی: "تا ئیستا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی کە خۆبژێویمان هەبێت، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی ئەو بڕە، ئەوا رێگا دەدرێت کە ماسی لە وڵاتی تورکیا و ئێران هاوردە بکرێت بە شێوەی زیندوو و فرێش".

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سیروان سەعید هاووڵاتییان لەوە دڵنیادەکاتەوە کە هەموو رێگایەکیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە هاوردەکردنی ماسی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە و لەمبارەیەوە گوتی :"ئەو ماسییە ئەگەر بێت بەشێوەی فرێش دێت، بێگومان قوتوو لە بەغدا نییە، بۆیە هەموو رێگایەکمان گرتووەتەبەر و دەروازەی شارەکانی عێراق ئاگادارکراونەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک ماسی نابێت داخلی هەرێمی کوردستان بێت".

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سیروان سەعید راشیدەگەیەنێت کە بە شێوەیەکی گشتی ٤٠ تا ٥٠ لەسەدای بەرهەمی ناوخۆ دەتوانێت پێداویستی بازارەکانی هەرێمی کوردستان پڕ بکاتەوە و ئەوەی دیکەش لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و بەشێکی کەمیش لە وڵاتانی تورکیا و ئێران دەهات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın