ژيان

یادی ٢٣٤ ساڵەی بنیاتنانی سلێمانی

ـ بەچەند چالاکییەکی جۆراوجۆر یادی ٢٣٤ ساڵی بنیاتنانی شاری سلێمانی کرایەوە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 14.11.2018 - نوێکردنەوە : 15.11.2018
یادی ٢٣٤ ساڵەی بنیاتنانی سلێمانی

As Sulaymaniyah
سلێمانی ـ AA

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێو بینای سەرای کۆنی سلێمانی چالاکییەکانی تایبەت بە یادی ٢٣٤ ساڵەی دروستکردنی شاری سلێمانی دەستی پێکرد، تێیدا جگە لە پێشکەشکردنی گوتاری بەرپرسانی ئیداری شارەکە و چەندین چالاکی ھونەری جۆراوجۆر و پێشانگای فۆتۆگرافی، کۆمەڵێک چالاکی تری کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکانی تایبەت بە شارەکە نمایش کرابوون.

بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی، بابەکر دڕەیی لە گوتەیەکدا بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە باسی لە مێژووی شارەکە و چالاکییەکانی تایبەت بەو یادە کرد کە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و چەندین چالاکی ھونەری و پانێڵ لەخۆ دەگرێت لەسەر مێژووی شارەکە و لایەنە جیاجیاکانی لە ئێستادا.

لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا بەو بۆنەیەوە رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ ڕۆژێکی ئێجگار تایبەتە، ساڵیادی دروستکردنی سلێمانییەکەمانە، ئەو شارەی ھەر لە دروستبوونییەوە، ھاوشانی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان ھەنگاوی ناوە، لە گەلێک بواردا سەرمەشق و دەستپێشخەر بووە، مێژووە ئێجگار درەوشاوەکەی لە رووی سیاسییەشەوە، شوێنی دروستبوونی زۆرینەی پارت و حیزبە جیاواز و کاریگەرەکان بووە. ئازایەتی و رۆشنبیری و کولتووری قبوڵکردنی جیاوازی لەم شارە، نموونەیەکە دەبێت چاوی لێ بکرێت و لێوەی فێر ببین.

قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "ئەم شارەمان، زۆری پێبەخشیوین و قوربانیی زۆریشی داوە، ھیچ رێگەیەکمان لەبەردەمدا نییە، جگە لەوەی دەبێت لە خۆمانی رازی بکەین و خزمەتی زیاتری بکەین و نەھێڵین بەربەست لەبەردەم خەون و خواستی شارنشینەکانیدا دروست ببێت، چونکە وزەیەکی لەبن نەھاتووی ژیاندۆستانەی وای ھەیە کە ھیچ کەس و لایەن و حیزبێک ناتوانن بەر بە ئاراستەی پێشکەوتنی بگرن. من وەکو خۆم لە ھەر پلە و پایە و پۆستێکدا بم، خزمەتی دەکەم".

شاری سلێمانی، لە رۆژی ١٤ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پادشای بابانەوە بنیاتنراوە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی ٢ ملیۆن و ٢١٢ ھەزار کەسە. بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın