ھەولێر - AA
عەلی باپیر دەڵێت دەبێت کابینەی نۆیەم لە ھەڵە و کەموکوڕیی، ھەر ھەشت کابینەکەی پێشوو دەرس و پەندی وەرگرتبێت.
لە نووسینگەی خۆی لە شاری ھەولێر دوای نزیک بە ٢٠ خولەک لەو کاتەی بڕیاربوو گفتوگۆبکەین ھات، بەڵام بەجۆش و خرۆشەوە ھات کە دیار بوو تەواو ئامادەی چاوپێکەوتنە، ئەو پاساوی بۆ دواکەوتنی لە وادەی خۆیدا بۆ وەرزشکردنی بەیانییان ھێنایەوە، وەک ھەمیشە جلوبەرگێکی کوردەوارییانەی شیک و جامانەکەی سەری لە زۆر سەرکردەی دیکەی جیایدەکاتەوە. لە دوایین ھەڵبژاردن کە ھەرێمی کوردستان بەخۆوەی بینی لە ٣٠ی ئەیلوول حزبەکەی "کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان" ژمارەی کورسییەکانی بۆ حەوت کورسی زیادکرد (لە خولی چوارەمی پەرلەمان شەش کورسی هەبوو)، عەلی باپیر ٥٧ ساڵ بە سیاسییەکی راشکاو دەناسرێت کە زۆر جاریش رکابەرەکانی بە لێدوانی توند ناوی دەبەن، عەلی باپیر کە نووسەری چەندین کتێبیشە لێرەدا وەڵامی زۆر پرسیار دەداتەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: چەند مانگێک لەمەوبەر لە حکوومەت کشانەوە، ئێستا باس لە بەشدارییتان لە کابینەی نوێی حکوومەت دەکرێت، کۆمەڵی ئیسلامی لە نێوان بەشدارییکردن لە حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن بوون لەم خولەدا لە کوێدایە؟
عەلی باپیر: ئێمە کاتی خۆی کشاینەوە لە حکوومەت پێمان وابوو حکوومەت وای لێکراوە نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، کاتی خۆشی کە بەشدارییمان کرد لە کابینەی ھەشتەم کۆمەڵێک مەرجمان ھەبوو و تەماشامان دەکرد بیانوو دەگیرین گوایە شەڕی داعش ھەیە و نرخی نەوت دابەزیوە و کێشە لەگەڵ بەغدا ھەیە، دواتر شەڕی داعش وردە وردە تەواوبوو و نرخی نەوتیش بەرزبوویەوە و گۆڕانکاریش بوون، بەڵام حکوومەتەکە ھەر وەکو خۆی بوو، بۆیە بەپێویستمان زانی لە کابینەیەک بکشێینەوە کە بەپێی مەرجەکانی ئێمە نییە.
ھەرچی پەیوەندیی بە ئێستاوە ھەیە ھێشتا بڕیارمان نەداوە و پێش رووداوەکان ناکەوین، بزانیین ئەو لایەنەی رادەسپێردرێت حکوومەت پێکبھێنێت چی دەڵێ و چی ناڵێ و بەرنامەی حکوومەتەکە چۆن دەبێت کە داوا دەکات بەشداربین چۆنمان داوا لێ دەکات، ئینجا ئێمەش لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی دێنە پێش و بە ئەندازەی ھاتنەپێشی ئەوان قسەیەکی لێ دەکەین، بەڵام ئێمە لای خۆمانەوە بە قەتعی نە بڕیاری بەشدارییکردنمان لەو کابینەیە داوە نە بڕیاری بەشداری نەکردنیشمان بە قەتعی داوە، گرنگ ئەوەیە ئێمە چەند بین لە پەرلەمان زۆربین یان کەم گرنگ ئەوەیە پەرلەمانێکی کارا بێت، ئەو ئەرکانەشی بۆ پەرلەمان دیاریکراون کە یاسا دەکردن و چاودێرێییکردن و پەسەندکردنی بوودجەیە جێبەجێی بکات، حکوومەتیش بەھەمان شێوە دەبێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و حکوومەتی ھەموو لایەک بێت، حکوومەتێکی دەستکراوە بێت، حکوومەتی دامەزراوەکان بێت، یاسا تیایدا سەروەر بێت، بەیەکسانی مامەڵە لەگەڵ ھەموو ھاووڵاتییان بکات و پێوەر لە لای مرۆڤ بوون و ھاووڵاتی بوون بێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: زۆرینەی قاعیدەی کۆمەڵی ئیسلامی و سەرکردایەتییەکەی لەگەڵ بەشداریکردنن لە حکوومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن؟
عەلی باپیر: عورفی ئێمە وابووە و بەپێی پەیڕەوی خۆشمان وایە بۆ بەشدارییکردن لە حکوومەت یان بەشداری نەکردن دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کادیرانمان و دەبێت کۆبوونەوەی گشتی ئەنجامبدەین، ئەو کاتە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە بۆمان دەردەکەوێت رای زۆرینەی کادیرانمان لە چی لایەکدایە، جارێ ئێمە ئەوە نەکەوتووینەتە وتووێژ و دانوستان لەگەڵ ئەو لایەنەی حکوومەت پێکدەھێنن، دەبێت بکەوینە وتووێژ، جارێ بزانین ئەسڵەن بە چاکی دەزانن ئێمە بەشداریی بکەین؟ ئێمەش تەماشای حکوومەت دەکەین بزانین چۆن دەبێت؟ دیارە کادیرانی ئێمەش چاوکراوەن و واقیعەکە وەکو خۆی دەخوێننەوە و ئەوەی بە بەرژەوەندیی خەڵک و ھەرێم و خۆشمان دەزانن ئەوە دەبینن و بڕیار دەدەن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێوە حکوومەتێکی چۆنتان دەوێت؟ واتە چی دەخوازن لە کابینەی نوێ؟
عەلی باپیر: دەبێت کابینەی نۆیەم لە ھەڵە و کەموکوڕیی ھەر ھەشت کابینەکەی پێشوو دەرس و پەندی وەرگرتبێت، دەبێت حکوومەتێک بێت شکۆی دامەزراوەکان بەخۆشییەوە بە پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی و حکوومەتە خۆجێییەکانیشەوە بپارێزێت، دەبێت ئەو حکوومەتە پێش ھەر ھاووڵاتییەک خۆی یاسا سەروەر بکات و پێوەی پابەند بێت، دەبێت لەسەر بناغەی مرۆڤبوون و ھاووڵاتیبوون مامەڵە بکات نەوک لەسەر ئینتیمای حزبی و عەشیرەت و سیاسی و ئایینی بێت، بەوە دادگەری دەچەسپێت، دەبێت لە شوێنی ئەو ستەم و گەندەڵییەی ھەیە دادگەری و پاکی بچەسپێنێت، ھەروەھا لە وتووێژەکانیش دەمامەوێت بزانین ئەو لایانەی دیکە بەشداربن بەس بۆ تام و خوێ و بۆ دیمەنەکە بۆ ئەوەی دیموکراسییەتێکی پێ بدەین؟ یان ھەر ھاوبەش بین یان بەشداری پێکراو؟ بۆیە دەبێت بزانین چییان لا گەڵاڵە بووە، دەبێت لە بەرنامەی حکوومەت بەرنامەی ھەموو ئەوانەی بەشدارن تیایدا بچەسپێت، بۆیە سەرەتا دەبێت چاوەڕێ بین بزانین ئەوان دەیانەوێت چی بکەن و چۆن دەیکەن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: قسە ھەیە ئێوە و گۆڕان پێکەوە بڕیاری بەشداریکردن لە حکوومەت یان ئۆپۆزسیۆن بوون دەدەن، ئێوە بڕیارتان یەک بڕیار دەبێت؟
عەلی باپیر: ئێمە پێکەوە راوێژمان ھەیە و پرس و را گۆڕینەوەمان ھەیە و قسەمان کردووە، بەڵام شتێکی نووسراومان لەنێواندا نییە، ھەست دەکەین ئەوانیش ھەمان بۆچوونی ئێمەیان ھەیە و ئەوانیش وەکو ئێمە بەشداریکردن یان نەکردنیان بە ھیچ لایەکدا ھەڵنەبڕیوە و چاوییان لەوەیە بزانین ئەو حکوومەتە چۆن دەبێت و دەویسترێت ئەو کابینەیە چی بکات، واتە گۆشە نیگا و بۆچوونەکانمان لەیەکتر نزیکبوون، بەڵام شتی نووسراومان لەنێواندا نییە یەکتر پابەندبکەین بە شتێکەوە، رەنگە ئەم راوێژکردن بەیەکتر و لێکتێگەیشتن لە بەشداریکردن یان نەکردن بۆ ھەردوو لامان وا باشتر بێت و رەنگە بۆ لایەنی بەرامبەریش وا باشتر بێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆچی بەراورد لەگەڵ ئیسلامییەکانی دیکە، کۆمەڵی ئیسلامی لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول ژمارەی کورسییەکانی زیادی کرد؟
عەلی باپیر: دەبینین لە چەندین کەناڵ دەڵێن ئیسلامییەکان پاشەکشەیان کرد، ئێستا گۆڕان کە پێشمانناخۆشە کورسییەکانی لە ٢٤ەوە بوون بە ١٢ بڵێین عەلمانییەکان ھەموویان بەرەو دوا گەڕانەوە، ئەمە وا نییە ئەوە گۆڕان بەرەو دوا گەڕاوەتەوە کە یەکێتی و پارتی بەرەو پێش چوون ھەموو کەس نھێنییەکەی دەزانێت و خۆشیان باش دەزانن، بۆیە ئێمە دەبێت خەڵک پۆڵین بکەین.
ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامی کورسییەکانمان زیادیکردووە و شەش بوو، بوون بە حەوت، ھەڵبەت پێشمان ناخۆشە کە یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ داد و گەشە ١١ کورسی بوون ئێستا بوون بە پێنج، بۆیە دەبێت ھەموومان وەکو خۆی تەماشا بکەین، نابێت بڵێین ئیسلامییەکان کەمییان کردووە.
ئەوەی ئێمە کە زیادیکردووە بەرھەمی ھەڵوێستەکانی ئێمەیە و شێوەی کارکردنمانە، دەبێت خەڵکی تریش چاو بەخۆییدا بگێڕێتەوە بزانێت بۆچی کەمی کردووە، جارێ ساختەکاریی یەکێتی و پارتی شتێکی مسۆگەر و سەلمێنراوە، بۆچی پارتی لە سلێمانی لە ئێمە کەمتر دەھێنێت؟ یەکێتی بۆ لە ھەولێر شتێک لە ئێمە زیاتر یان بەقەد ئێمە دەنگ دەھێنێت، دیارە کە یەکێتی لە سلێمانی و پارتی لە ھەولێر دەسەڵاتییان ھەیە و سندوقەکان پڕ دەکەنەوە.
من تێبینیشم لەسەر خەڵک و جەماوەریش ھەیە، مەمنونی ئەوانەشم کە چوونەتە سەر سندوق، ئەوانەی کە گلەییان ھەیە و ناچنە دەنگدان لە جیاتی ئەوان و بەتەزویر پڕدەکرێتەوە، رێژەی بەشدارییکردنی خەڵک رەنگە ٣٠ بۆ ٤٠ لەسەد بووبێت، دواتر بە ساختەکاریی و بە قازانجی ھەردوو حزبی حوکمڕان بەرز کراوەتەوە، خەڵک و جەماوەر گلەیی لێ دەکرێت بۆچی ناچێت چوار ساڵ جارێک شاھێدی بەحەق بدات، چونکە کە ناچێت پڕدەکرێتەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا خۆشمان دەبێت چاو بە خۆماندا بگێڕینەوە و دەستی چەور بە خەڵک ھەڵنەسویین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناوخۆیی خراپدا تێدەپەڕێت، ئەم دۆخە تاکەی بەردەوام دەبێت؟ ئایندەی ھەرێم کە بەرەو لاوازی چووە بەکوێ دەگات؟
عەلی باپیر: راستە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان باش نییە، نە لە رووی سیاسییەوە، نە لە رووی ئابوورییەوە، نە لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە، نە لە رووی سیاسییەوە بەداخەوە ئەوە بەتایبەت لە بەغدا زۆر رەنگی دایەوە کە چەند کاندید ھەبوون بۆ سەرکۆمار و گوریس پچڕێنەیەکی توند و پارتی بیکاتە مەرج کە بەمەرجێک بەشداریی کابینەی حکوومەت دەکات نابێت وەزیر بە یەکێتی بدرێت، پێشینەیەکی خراپ بوو و تا ئێستا بەو شێوەیە نەبووە، ئەوە رەنگدەداتەوە لە مامەڵەشمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لەڕووی سیاسییەوە تا رادەیەکی زۆر تەبایی سیاسی تێکدراوە، ئێمە تاکە کارتێک بەدەستمانەوە ھەبێت ھێزی ناوخۆمانە، ئێمە لە ریفراندۆم بۆمان دەرکەوت کە ئەو خەون و خەیاڵە سەوز و سوورانەی بەخەڵکییان دەبینین و ئەو ھیوایانەی لەسەر بناغەی وەعد و بەڵێنی خەڵک ھەڵیانچنیبوو دەرکەوت ھیچی وا نییە، ئێمە خۆمان تەنیایین و بەس خوا پشتیوانمانە، ھێزی ئێمە تەباییی ناوخۆمانە.
لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە بارودۆخ تێکچووە و خەڵکێک ھەن کە ھیچ لە ئازاری کەس تێناگەن، بۆیە بارودۆخەکە خراپە، چارەسەر ئەوەیە پێچەوانەی ئەوە بکەیت کە پێی ھاتووەتە دی، ئێمە بەجی وامان لێھاتووە؟ بەزوڵم و قۆرخکاری و گەندەڵی، بەعەقڵییەتێک کە حزب و خزم دەبینێت و خۆی و دەورووبەرەکەی دەبینی و خەڵک نابینێت، ھەروەھا بەوە دامەزراوەکان شکۆییان شکێنراوە و نە حکوومەت رێگەی دراوە حکوومەتایەتی بکات، نە پەرلەمان پەرلەمان بووە، نە دەزگاکانی دیکە، بۆیە دەبێت لە کوێ تێکچووە لەوێ چاکی بکەینەوە، ئێمە بۆ ٢٨ ساڵ دەچێت ئاواین، خەڵک لە ٢٨ ساڵ دەوڵەتێکی تەواو عەیار دادەمەزرێنێت، ئێمە ھەرێمەکەشمان ھەر دەڤەری سەوز و زەردە.
ئێستا ھەردوو حزبی سەرەکی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بە ھی خۆیان دەزانن، بۆیە دەبێت کارەکان بەدامەزراوەیی بکەین و یاسا سەروەر بکەین و دادگەریی بچەسپێنین، دەبێت پەند لە رابردوو وەربگرین دەنا بەم عەقڵییەتەوە ناتوانیین ئەم وڵاتە ئیدارە بدەین و بارودۆخەکە رۆژ بە رۆژ بەوشێوەیە بەرەو خراپتر دەڕوات.
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.
news_share_descriptionsubscription_contact

