Hemn Baban
15 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر - AA
لە بەشی دووەمی ھەڤپەیڤینەکەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشک دەخرێتە سەر ریفراندۆم و ئەو لێکەوتانەی کە ھەیبووە، ھەروەھا باس لە گەمارۆکانی ئەمریکاش بۆ سەر ئێران دەکات، عەلی باپیر دەشڵێت کە کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچیی لەدڵەوە پێ ناخۆش بووە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێتان وایە ھەرێمی کوردستان ھێشتا باجی ریفراندۆم دەداتەوە؟
عەلی باپیر: بەڵێ باجمان دا، سنوورمان حەمرین بوو، ئێستا بوو بە پردێ، کاتی خۆی گوتم بڕیارێک یان قسەیەک کە کراوە بکەوێت نەوەک ھەرێمەکە بکەوێت، ئەوکات پێشبینییمان کرد و گوتمان بەو بارودۆخەی ئێستای ئێمەوە دەوڵەتمان بۆ راناگەیەندرێت، گوتم وەکو کەسێکین بارمان باری ترێلە بێت و تایەمان تایەی پایسکل بێت، گوتمان لەمیانی بەدامەزراوەییکردنی کارەکان، یەکخستنی گوتاری سیاسی ، بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری، بەھێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، زەمینەسازی لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی دەرەوەش بەرەو دەوڵەت بڕۆین، بەڵام ئیدی ئەنجامەکەش ئەوە بوو کە بینیمان.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەوەی لە ریفراندۆم لەدەستمان دا بەدەست دێتەوە؟
عەلی باپیر: سیاسەت فەنی مومکیناتە واتە مەحاڵ نییە، بەڵام ئاسانیش نییە، بەڵام ئەگەر ئیرادە و تەبایی ھەبێت و ھەڵەکانی خۆمان راست بکەینەوە مەحاڵ نییە، کێشەی ئێمە ئەوەیە بەرپرس لە وڵاتی ئێمە دان بەھەڵەکانی خۆییان نانێن، ئاخر ئەو ھەموو ساڵە شەڕی برا کوژی کرا کەچی لەپەرلەمان وتییان خەتای ئێمە نەبوو، ئەم وڵاتەی ئێمە چەندین بەڵا و موسیبەتی بەسەردا ھاتوو کەس نەیوت من ھەڵەم و شانازیش بە عەیب و کەموکورتییەکانەوە دەکەن، ئێمە باسی سەربەخۆیی ئابووریمان کرد و مووچەمان کرد بە چارەکە مووچە، ئەو پەرلەمانەی بەغدا وەزیر پەلکێش دەکات و متمانەی لێوەردەگرێتەوە و لێپرسینەوە لەسەرۆک وەزیران دەکات و لەگەڵ ئەو ھەموو کێشە و بێشە مووچەی فەرمانبەرانی نەکرد بە چارەک، بۆیە کاکە ئێمە خەلەلمان ھەیە و کەمینەیەک بوون بە ملیاردێر، ئێستا لەکوردستان حزب دەوڵەمەندە، میللەت ھەژارە و حکوومەت قەرزدارە، کاتی خۆی کە ئێمە لە چیابووین و پێشمەرگەبووین حزب ھەژار بوو، خەڵک دەوڵەمەند بوو، حکوومەتیش دیارە حکوومەتێکی خۆسەپێنی ستەمکار بوو، ئێستا حزب دەوڵەمەند بووە، خەڵک ھەژارە، حکوومەتیش قەرزارە، کەواتە ئەمە بارودۆخێکی نائاساییە و بگۆڕدرێت و ئەو عەقڵییەت و نیەتەی تۆی بە ئێرە گەیاندووە دەبێت بیگۆڕیت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: سەرەتای ئەم مانگە بەشێکی دیکەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران چووە واری جێبەجێکردنەوە، چاوەڕوان دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ گورزی سەربازی بۆ سەر ئێران، واتە دووبارەبوونەوەی ئەوەی بەسەر سەدام حوسێندا ھات؟
عەلی باپیر: ئەوەی کە من دەیبینیم دۆناڵد ترامپ زیاتر بەعەقڵێکی ئابووری و بازرگانی مامەڵە لەگەڵ وڵاتاندا، ئەوەی چین دیار بوو کە باجی خستە سەر کاڵاکانی چین و کەنەدا و وڵاتانی تر و لەگەڵ سعوودییەش چەندین گرێبەستی ھەیە، بۆیە وای دەبینم بە گورزی ئابووری مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات، بەڵام خۆ مەحاڵیش نییە دوای ئەوەی بەتەسەوری خۆیان بەگورزی ئابووری شلییان کرد گورزی دیکەشی لێ بوەشێنن، بەڵام ئەمە بەدوور دەزانم، ھەرچەندە مەحاڵیش نییە.
گەمارۆکانی سەر ئێران ئێشی پێگەیاندوون، بەڵام ئێران بیردۆزی کە لەسەر پێی خۆ وەستانە، ئێران بەرھەمی خۆماڵی زۆرە و ھەموو پشتی بە نەوت نەبەستووە و کاڵای جۆراوجۆر بۆ وڵاتان بەڕێ دەکات، سەرباری ئەوەی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریکا ھەیبوە لەگەڵ رۆژھەڵاتیش ھەیبووە و روسیا و چین و پاکستان و ھیندستان و شوێنی تریش ھەن و ئێران دەیەوێت ئەو شوێنانە بکاتە ئەڵتەرناتیڤی ئەوانی دیکە کە سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە، یەکێتی ئەورووپاش پابەندن بە رێککەوتنی ناوەکیی لەگەڵ ئێران.
لە مەودای بینراودا بەدووری دەزانم ئەو گەمارۆیانە ببێتە ھۆی روخانی حکوومەتی ئێران، بەڵام لەداھاتوودا دیار نییە چۆن دەبێت، ھەرچەندە من بە بەرپرسانی ئێرانییم گوتووە کە خەرجییەکی زۆر لە دەرەوەی خۆیان دەکەن و خزمەتی خەڵکی خۆی بکات باشترە و خۆی نەخاتە کۆمەڵێک کێشە و گرفتەوە کە ھەم بۆ ناوبانگی خۆشی باش نییە وەکو ئەوەی ئێستا لەیەمەن و لوبنان و سوریە و شوێنی دیکەش خەرجی دەکەن، چونکە ئەوە خەرجییەکی زۆری تێدەچێت، بەڵام وە نەبێت ئەوەشی ئەمریکا دژی بوو دیارە خەتای کردووە، وای نەبینین ئەوەی ئەمریکا دژی بوو خەتای کردووە و لەگەڵی باش بوو باشی کردووە، ئەمریکا ٤٢ ساڵ پەیوەندییەکانی لەگەڵ موعەمەر قەزافی پاراست، ٣٢ ساڵ لەگەڵ حوسنی موبارەک، ٣٠ ساڵ لەگەڵ زەین عابدین بن عەلی و عەلی عەبدوڵا ساڵح پەیوەندیی پاراست، ھەموو ئەوانەش حوکمی دیکتاتۆری و و حوکمی میراتی و خۆسەپێن بوون، ئەمریکا باشترین پەیوەندیی لەگەڵ ھەندێک لە وڵاتانی کەنداو ھەیە کە حوکمی میراتیین.
بۆیە من لە مەودای نزیک وای نابینم ئەو ئابڵوقانە ببنە ھۆی رووخانی حکوومەتی ئێران، بەڵام ئەوەش لەسەر فاکتەرەکانی دیکەش دەوەستێت کە ئێران تا چی رادەیەک دەتوانێت ئەڵتەرناتیڤ پەیدا بکات بۆ ئەو وڵاتانەی پەیوەندیی ئابووریی لەگەڵیاندا ھەبووە و نەوتی پێ فرۆشتوون، لەسەر ھۆکارە ناوخۆییەکانیش دەوەستێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: تێڕوانینتان بۆ کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی چییە لەناو کونسوڵخانەی سعوودیە لە تورکیا؟
عەلی باپیر: راستییەکەی ھەر بۆخۆی کوشتنەکە کارێکی گەورە بوو، بەتایبەتی سعوودیە کە نازناوی حوکمڕانەکەی خادمی حەرەمی شەریفەینە کە خزمەتکاری ھەردوو حەرمە شەریفەکە مەکە و مەدینە دەکات، کەسێک خزمەتکاری مەکە و مەدینە بێت دەبێت بە تەنگ ژیان و خوێنی ھەموو مرۆڤێکەوە بێت چ جای ھاووڵاتییەکی خۆی، ھاووڵاتییەک کە خۆی دەیڵێت خۆشی بە ئۆپۆزسیۆن نەزانیوە، خۆی بە ناسیح و دڵسۆز بینیوە، ھەر بۆخۆی ئەم کارە شتێکی گەورە بووە، دیارە کە گەورەش دەکرێت ئینسان دەبێت ئاگای لەخۆی بێت عەیب و کەموکوڕیی نەبێت دەنا ناحەزەکانی لێی گەورە دەکەن، بەڵام ھەر خۆی عەیبە و کەموکوڕییەکی گەورە بوو، بۆ ھەموو دەوڵەتێک عەیبە و کەموکوڕییە لە کۆنسوڵخانەکەی خۆی ھاووڵاتییەکی خۆی بکوژێت، پێشم وایە چەند شتێک عەیبەکەی گەورەترکرد، یەکەم نکۆڵییان لە کوشتنەکە کرد و دوای دانیان پێداھێنا، واتە یەکەم جار درۆییان کرد و دواتر راستییان کردەوە و وتییان درۆیان کردووە، دووەم ئەو پیاوە تەرمەکەی دیار نییە، ئەگەر ئەو بیردۆزە راست بێت کە دەڵێت تەرمەکەیان لە ماددەیەکدا تواندووەتەوە کە ئەوە ئەبێت چی ماددەیەک بێت مرۆڤ بکات بە ئاو، ئەوەش بەراستی تاوانەکەی قورستر کرد، زۆرم پێناخۆش بوو ئاوای لێ ھات، دەوڵەتێکی بەناوی ئیسلامی کە تا چی رادەیەک پابەندی ئیسلامە و شەریعەت جێبەجێ دەکات ئەمە باسێکی ترە چونکە ئەو جۆرە حوکمڕانییە لە ئیسلامدا ئەسڵی نییە، لە ئیسلامدا ھەر حوکمێک ئیرادە و ناخی خەڵک نەبێت رەوایەتی نییە، ھەرچۆنێک بێت ھەر دەوڵەتێک کارێکی وا بکات بەتایبەت دەوڵەتێک ئیدیعای موسڵمانێتی و پابەندبوونی بە شەریعەتەوە بکات، پێشم وایە سعوودیە وا بەئاسانی لەو مەسەلەیە دەربازی نابێت، پێموایە ئەو مەسەلەیە دەرھاویشتەی خراپی بوون و دەرھاویشتەی خراپتریشی دەبێت و بەردەوام دەبێت، ئێستا سعوودیە ھەم جوولەکەی خستووەتە حاڵەتی ئیحراجییەوە کە دۆستی نزیکییانە کە تاکە دەوڵەتێک بەرگریی لێ کرد جوولەکە بوو، ئەمەش ژمارەی ناقیسە جوولەکە لەھەموو دونیا بەرگرییت لێ بکات، ھەروەھا عەبدولفەتاح سیسیش بەرگریی لێکرد کە ئەویش دیارە چۆن بە کودەتایەکی سەربازیی بووەتە حوکمڕان و کودەتای بەسەر رەوایەتییدا کردووە، ئەوانیشی کردووەتە حاڵەتی ئیحراجییەوە، ھەروەھا دۆستەکەشیان دۆناڵد ترامپیشی خستووەتە حاڵەتی ئیحراجییەوە، دیارە دۆناڵد ترامپ و ئەردۆغانیش کۆبوونەوەیان ھەبووە لە فەڕەنسا و پێموایە سەرئەنجام ترامپ و ئەمریکا ناچار دەبێت شتێک بکات بەرامبەر بەو کارەی سعوودیە کە دانی پێدا ھێناوە.
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.