Dlshad Saifaalddin Ahmed
14 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی – AA
خولەكە كە ئەمڕۆ لە گراندمیلینیۆم لە شاری سلێمانی دەستیپێكرد لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوكاری رێكخراوی UNDP بۆ ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سازكراوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن كەریم كەعبی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و لە پەراوێزی خولەكەدا گوتی: "زیاتر لە یەك لەسەر سێی پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمان لە پەرلەمانتارانی نوێن و گەشەپێدانی تواناكانیان لە رووی یاسادان و چاودێری كردنەوە شتێكی گرنگە و رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر رۆڵیان لە لیژنەكان و كاری یاسادانان و چاودێری كردندا".
حەسەن كەریم كەعبی گوتی:"بەهاوكاری رێكخراوی UNDP چەندین خولی تری پێگەیاندن بۆ پەرلەمانتاران دەكەینەوە و هیوادارین پەرلەمانتاران هەوڵ بدەن زانیاری زیاتر كۆبكەنەوە و توانای خۆیان بەرزتر بكەنەوە تاوەكو لەم خولەی پەرلەمان خزمەتی زیاتر بكەن".
لە لای خۆیەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشیار عەبدوڵڵا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا گوتی: "هەوڵی زۆر هەیە بۆ پێداچوونەوەی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی ساڵی 2019 ی عێراق و چەسپاندنی دادوەری و دابەشكارییەكی یەكسان لە نێوان هەموو ناوچەكانی عێراقدا و هەوڵی تەواو بۆ ئەو مەبەستە دەدەین".
هۆشیار عەبدوڵڵا گوتی: "لە لایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی هەوڵ و دەستپێشخەری باش هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و لێدوانەكانی ئەم دواییەی ناوبراو ئاماژە بەوە دەكەن نیمچە رێكکەوتن هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، ئێمەش گەشبینین كە كۆمەڵێك هەنگاوی جددی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا".
ئەو هەروەها گوتی: "ئەو بوودجەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە بەراورد بە ساڵی 2018 زیاترە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەین بە لێكتێگەیشتنی هەموومان ئەو بڕە زیاتر بكرێت".