hemn husain
20 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2016
کوردە ئێزدییەکان لە لالش کە بە شوێنی پیرۆزی خۆیانی دەزانن رێوڕەسمێکی تایبەتیان بە بۆنەی جێژنی چارشەمبا سوور ساز کرد.
جەژنی چارشەمبا سوور کە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانە بە ساڵنامەی رۆژههڵاتی، بۆ ئێزدییەكان بە کۆتایی هێنانی ساڵێک و دەستپێکی ساڵێکی نوێ دادەنرێت، لەم رێوڕەسمە كوڕان و كچانیان ئەم ئێوارەیە گوڵاڵە سوورە كۆدەكەنەوە و هەڵیدەواسن بە دەرگای ماڵەكانیاندا، جگە لەوەش هێلکەی کوڵاو رەنگاورەنگ دەكەن وەکو هێمایەک بۆ زیندووبوونەوەی زەوی یان هەبوونی زەوی و پاشان ئەو هێلکانە دەبەخشنەوە، بە بڕوای ئێزدییەکان، ئەم جەژنە جەژنی لەدایکبوونە و مرۆڤایەتی لەو ساتەوە دەستی پێکردووە.
مەرجەعی باڵای ئێزدییەکانی جیهان داوا لە خودای گەورە دەکات کە تۆڵەیان بۆ بکاتەوە سەبارەت بە کارەساتی شنگال.
مەرجەعی باڵای ئێزدییەکانی جیهان بابەشێخ خرتۆ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جەژنی چارشەمبا سوور لە هەموو ئێزدیانی جیهان پیرۆز دەکەم و داوا لە خودای گەورە دەکەم کە تۆڵەی ئەو کارەساتە و ئەو زوڵمەمان بۆ بستێنێت کە بەسەر ئێزدییەکان هات".
ئەگەرچی ساڵانی پێشتر ئێزدییەكانی كوردستان و عێراق و جیهان لە لالش كۆدەبوونەوە و بە جەژن و خۆشیی و هەڵپەركێ یادەكەیان دەکردەوە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا ئاگریان کردەوە و هێلکەی رەنگاورەنگیان بەخشیەوە و گوڵەسوورەکانییان بە دەرگاکان هەڵدەواسی.
بابە شێخ لە لێدوانەکیدا خۆی لە دانی هەرچەشنە پەیامێکی سیاسی پاراست چونکە وەک ئەو گوتی "ئەمڕۆ جەژنە و پەیامی سیاسی نادرێت".
ئەگەرچی تاوەکو ئیستا ئامارێکی فەرمی نییە سەبارەت بە ژمارەی ئێزدییەکان بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی ئێزدییەکانی جیهان دەگاتە یەک ملیۆن کەس و لە عێراقیش بەشێکی زۆری ئێزدی هەیە.
ئێزدییەكان بە رەچەڵەك كوردن و زمانی كوردی بە زمانی دایك دەزانن.
لالش دەكەوێتە قەزای شێخان کە ناوچەیەكی چیایی 60 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای پارێزگای مووسڵ دوورە و بە پەرستگای گەورەیان دادهنرێت.
ئێزدییەکان ئێوارەی بەر لە سەری ساڵیان، به داگیرسانی چرا بەڕێوە دەبەن و هێلكە رەنگاو رەنگ دەكەن و بە منداڵەكاندا دەبەخشرێتەوە و دڵیان خۆشدەكەن، هاوكات سەردانی گۆڕستانەكانیان دەكەن و سەر لە ئازیزە كۆچكردووەكانیان دەدەن.