Heman Hussein Yaseen
13 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2021
ههولێر - AA
شاندێکی تورکیا کە پێکھاتبوون لە راوێژکاری وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، کامیل کۆڵەباش و کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای بە یاوەری وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف سەردانی لالش-یان کرد.
شاندەکەی تورکیا لەلایەن میری ئێزدییان، میر حازم تەحسین بەگ و ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدی پێشوازییان لێ کرا.
میری ئێزدییان، میر حازم تەحسین بەگ بەخێرھاتنی لە شاندی میوان کرد و باسی لەوە کرد کە بەرلە ھێرشی داعش، دۆخی ئێزدییەکان زۆر باش بوو، بەڵام لەگەڵ ھێرشی داعش دۆخی ئێزدییەکان تێکچوو و لەئێستادا، زیاتر لە ٣٥٠ ھەزار کەسی ئێزدی لە کەمپەکاندا دەژین.
میر حازم تەحسین بەگ هەروەها باسی لەوە کرد کە بەھۆی دۆخی ئەمنییەوە ئێزدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شنگال و گلەییشی لەوە کرد کە تا ئێستا نەتوانراوە رێککەوتننامەی نێوان ھەولێر و بەغدا کە بەڕێککەوتننامەی شنگال ناسراوە، جێبەجێ بکرێت.
دواتر کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای سەبارەت بە دۆخی شنگال و ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ شنگال گوتی: ''دەبێت بەغدا رۆڵی سەرەکی ببینێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان ھەولێر و بەغدا. ئێمە وەک دەوڵەتی تورکیا لە ھەموو بۆنەیەکدا ئەوەمان دووبارە کردووەتەوە کە پێویستە رێکخراوی تیرۆریستیى پەکەکە لەو ناوچانە دەربکرێت بۆئەوەی چیتر خەڵکەکە لەو نەھامەتییدا نەژین''.
دواتر وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف سوپاسی پێشوازی گەرمی میر و بابە شێخ لە شاندەکەی توکیای کرد و گوتی: ''ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خزمەتکردن بە پێکھاتەکان بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و لەم بارەیەوە، سوپاسگوزاری یارمەتییە مرۆیییەکانی ھەموو لایەکین کە بۆ یارمەتیدانی پێکھاتەکان دەکرێت. بە تایبەتیش کە تورکیا یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە ھەر لە سەرەتای ھێرشی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بە ھانای لێقەوماوان ھاتووە و ھەر یەک لە رێکخراوەکانی تیکا، ئافاد و مانگی سووری تورکی و لەسەرووی ھەموویان کۆنسولخانەی گشتیی تورکیا بە بەردەوام سەردانیکردنی کەمپەکان و بردنی یارمەتییەکان بۆ ئاوارەکان، دووپاتی ھاوکاری و ھاریکاریی تورکیایان کردووە''.
کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کارچای لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''شاندێکی تورکیا کە پێکھاتبوون لە سەرۆکی کۆمەڵێک دەزگای پەیوەندیدار لە تورکیا سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لە یەکەم وێستگەدا، سەردانی وەزارەتی تەندروستی و دواتر خوێندنی باڵایان کرد و ئەمڕۆش سەردانی لالش-مان کرد و لەگەڵ میر و بابە شێخی ئێزدییان کۆبووینەوە و لەبارەی ئێزدیییەکانەوە قسەمان کرد''.
ھاکان کاراچای گوتیشی: ''ئێزدییەکان ئاگاداری دۆخی خۆیان ھەن کە بەھۆی بوونی تیرۆریستانی پهكهكهوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئومێدەوارن بەزووترین کات رێککەوتننامەی ھەرێم و بەغدا جێبەجێ بکرێت''.