Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
22 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر AA
کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، رۆب واڵەر سەردانی پەرستگای لالشی کرد و بەشی دووەمی هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بەخشییە پەرستگاکە بۆ نۆژەنکردنەوەی کە بڕەکەی ٥٠٠ هەزار دۆلار بوو.
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆنسولخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، رۆب واڵەر لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ راوێژکاری میری ئێزدیان، کەریم سلێمان کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە دەربارەی رێککەوتنی تایبەت بە شنگال لەنێوان حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی پشتیوانیکردنی گەڕانەوەی سەلامەت، خۆویستانە و دوورمەودای ئاوارەکان.
کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، رۆب واڵەر لە گوتەیەکیدا لەبەردەم پەرستگای لالش گوتی: "شانازییەکی گەورەیە بۆمن کە سەردانی پیرۆزترین شوێن بکەم کە ئەویش پەرستگای لالشە، باوەڕم وایە کە رۆحی بابەشێخ ئارام دەبێت کە ئەمڕۆ ئێمە ببینێت لەگەڵ هاوڕێکانمان ئامادەبووین بۆ پابەندی بە پاراستنی ئەم شوێنە رۆحیی و گەنجینە کولتوورییە کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و گرێدراوە بە ژیانی ئێزدییەکانەوە لە هەرشوێنێکی جیهان بن".
گوتیشی: "جێگەی شانازییە بۆ من کە ئەمڕۆ بەخشینی بەشی دووەمی یارمەتییە داراییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بڕەکەی ٥٠٠ هەزار دۆلارە رابگەیەنم بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ئێستا بڕی یەک ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ پاراستنی ئەم گەنجینە نەتەوەییە گرنگە".
کۆنسولی گشتی ئەمریکا باسی ئەو هاوکارییە داراییانەشی کرد کە تا ئێستا وڵاتەکەی بۆ پێکهاتە ئینتی و ئاینییەکان لە عێراق تەرخانی کردووە و رایگەیاند "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێگای ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا (USAID) و ئاژانسەکانی دیکە تا ئێستا زیاتر لە ٤٧٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ هاریکاری پێکهاتە ئینتی و ئاینییەکان لە باکووری عێراق بەمەبەستی چاکبوونەوەی ئەوان لە ئاسەوارەکانی داعشی درندە".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا رۆب واڵەر گوتی: "لەو باوەڕادام رۆژێک دێت ئەم شوێنە ببێتە یەکێک لە شوێنەوارە کولتوورییەکانی جیهان لای یونیسکۆ".