Hawkar Yaseen
18 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2020
هەولێر AA
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری رەوشی ئێستای ئێزدییەکان و هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی رفێندراوان و قەرەبووکردنەوەیان، خستە روو.
دیندار زێباری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "حکوومەتی هەرێم چەند تیمێکی دامەزراند، لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر و دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە و چارەسەرکردن و لیژنەیەکی تایبەت بە دیکیۆمنتکردن و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش، بە هەوڵەکانی ئەم لیژنەیە توانراوە تا رۆژی یەکی تەمووز، سێ هەزار و 530 رفێندراو رزگاربکرێن، لەوانە هەزار و 199 ئافرەت، 339 پیاو، هەزار و 41 منداڵی کچ و 951 منداڵی کوڕ، تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 887 کەسیشیان ماون کە هێشتا رزگار نەکراون".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری هەروەها رایگەیاند "رفێندراوانی داعش پێویستییان بە هاوکاری هەمە لایەنە هەیە لە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەبێ جیاوازی پێویستیان بە قەرەبووکردنەوە هەیە لە زۆر رووەوە، بەپێی رووپێوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆربەی قوربانییەکان بە هیوای دووبارە گەڕانەوەن بۆ شوێنی خۆیان و بۆ دەستکەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان، داوای قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی دەکەن بەهۆی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش بەریان کەوتووە".