Azad Mohammed Abdullah
18 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2018
دهۆک - AA
کوردى ئێزدى لە سەرتاسەرى هەموو جیهان بەمەبەستى بەشدارى کردن لە رێوەڕەسمەکانى جەژنى چارشەمبا سۆر و سەرى ساڵى نوێى ئێزدى گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان و چەندین رۆژە لە پەرستگەى لالش پەرستش ئەنجام دەدەن.
تیمى ئاژانسى ئانادۆڵو وەک رێزگرتن لە داب و نەریتى کوردى ئێزدى هاوشێوەى هەموو ئەو ئێزدییانەى روویان لە پەرستگەکە کردووە، بە پێى پەتى پێیاننایە نێو پەرستگەى لالش، ئێزدییەکان پێیانوایە خاکى لالش پیرۆزە و نابێت بە پێڵاوەوە بچیتە سەر ئەم خاکە.
لاى کوردى ئێزدى یەکەم چوارشەممەى هەموو ساڵێک لە مانگى نیسان لە رۆژمێرى ئێزدیایەتى چارشەمبا سۆرە، بۆ ئەو مەبەستە کوردى ئێزدى لە سەرتاسەرى دونیا دەگەڕێنەوە پەرستگەى لالش، هەموو ساڵێک لە پەرستگەى لالش مەراسیم دەگێڕن لە دوا نیوەڕۆى هەمان رۆژدا گەنجانى ئێزدى روو لە قەتپاڵى چیاکانى چواردەورى پەرستگەکە دەکەن و گوڵى جۆراوجۆرى وەرزى بەهارە لە سرووشت دەکەنەوە و بەشێکیان لە لەچکى سەریانی دەبەستن و بەشێکیشیان لەبەر دەرگا بچووکەکانى پەرستگەى لالش دایدەنێن.
٣٦٥ مجێور(خزمەتگوزى پەرستگەکە) لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەى چارشەمبا سۆر خۆبەخشانە هەڵدەستن بە هەڵکردنى ٣٦٥ چرا وەک سیمبۆڵى رۆژەکانى ساڵ لەنێو پەرستگەى لالش و قەتپاڵى چیاکانى چوار دەورى پەرستگەکە.
لە میانی رێوەڕەسمەکەدا سەرۆکى ئەنجوومەنى رۆحانى کوردى ئێزیدى، بابەشێخ (خرتۆ حەجى) لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "جەژنى چارشەمبا سۆر و سەرى ساڵى کوردى ئێزدى لە کوردى ئێزدى لە هەموو هەرێمى کوردستان و عێراق و تەواوى جیهان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەى خێر و خۆشى بۆ هەموو پێکهاتەکانى جیهان".
سەرۆکى ئەنجوومەنى رۆحانى کوردى ئێزدى داواى پێکەوە ژیان و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکات و دەشڵێت "ئێمە وەک کوردى ئێزدى بە ئومێدى کۆتاییهاتنى شەڕ و خوێن رشتنین لە هەموو جیهان".
هەزاران کەس لە کوردى ئێزدى بە گوتنەوەى دروشمەکانى (هۆلا تاوسێ مەلەک هۆلا، بژى ئێزیدخان و بژى شنگال) جۆش و خرۆشیان بە یەکترى دەدا و رێوەڕەسمەکانى ئاهەنگى چارشەمبا سۆریان گەرمتر دەکرد.
ئاوى زمزم یەکێک لەو کانیە ئاوانەى پەرستگاى لالش کە دەکەوێتە ئەشکەوتێک لە پێنج کانیاو پێکدێت و کوردى ئێزدى گرووپ گرووپ پیاوان بە جیا و ئافرەتان بە جیا لە کانیاوەکەدا دەستیان دەشۆن و سەر و دەموچاویان بە ئاوەکە تەڕ دەکەن، وەک خۆیان دەڵێن بۆ پاکبوونەوەیە لەو گوناهانەى لە ماوەى رابردوو کردوویانە.
لە میانى بەڕێوەچوونى جەژنى چارشەمبا سۆر بەرپرسى راگەیاندنى پەرستگەى لالش، لوقمان سلێمان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دوا و گوتى: "جەژنى چارشەمبا سۆر کە جەژنى سەرى ساڵى ئێزدیانە یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانمان و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى دروستبوونى زەوى، زۆرینەى پێکهاتەکان ئەم جەژنە لەژێر ناوى جیا جیا دەگێڕن، لە دەستپێکى مانگى نیساندا هەموو ماڵێکى ئێزدى ئەو جەژنە دەگێڕن لەسەرەتا ٥٠ تا٢٠٠ هێڵکە دەکوڵێنن و دواتر بە رەنگی جیاواز رەنگى دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ سەرەتاى دروستبوونى زەوى و بە هەموو رەنگییەکانیەوە و هەروەها هێلکەکان بە رەنگەکانى سرووشتى بەهار رەنگ دەکرێن، خێزانە ئێزدیەکان لەم جەژنەدا دواى تەواوبوونى رێوەڕەسمەکان هێڵکەکان دەگوازنەوە بۆ سەر گۆڕى مردووەکانیان یانش وەک چاکەیەک بە هەژارانى دەدەن".
گوتیشى: "لە ئێواران کچ و کوڕان لە سرووشتى بەهاردا گوڵى کولیلک دەهێنن وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى کە لە مانگى نیساندا کوردى ئێزدى پڕۆسەى هاوسەرگیرى ئەنجام نادەن، بەڵکو مانگى نیسان وەک جوانترین بووکى ساڵ وەسف دەکەن".
ئەمساڵ لە رێوەڕەسمى چارشەمبا سۆر ١٣٨ منداڵى کوردى ئێزدى رزگاربووى ژێر دەستى داعش کە زۆرینەیان کچ بوون بە جلوبەرگى رەسەنى ئێزدیاتى و سروود گوتنەوە و بە نێو پەرستگەى لالش و ئاپۆڕاى خەڵکەوە دەسوڕانەوە.
دواى رزگارکردنى مووسڵ, کوردى ئێزدى ئەمە یەکەم جەژنى چارشەمبا سۆر ئەنجام دەدەن، سەرجەم چین و توێژەکانى کوردى ئێزدى بەشدارى رێوەڕەسمەکە بوون و لەگەڵ ئاوابوونى خۆر پەیتا پەیتا روویان لە ماڵەوە کرد و بەشێکى زۆریان پەرستگەى لالش-یان جێهێشت و بەشێکى دیکەیش لە پەرستگەکە مانەوە.