Heman Hussein Yaseen
18 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2023
هەولێر - AA
سبەی چوارشەممە، بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان "چارشەمبا سۆر"، لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.
بەپێی ساڵنامەی رۆژھەڵاتی لەدوای ١٣ی مانگی نیسانەوە یەکەم چوارشەممە جەژنی سەری ساڵە، ھەر بۆیەش سبەی ١٩ی نیسان کە رۆژی چوارشەممەیە، جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکانە و بەم بۆنەیەوەش لە دامودەزگاکانی حکوومەت پشووی فەرمییە.
لای ئێزدییەکان یەکەم چوارشەممەی دوای ١٣ی نیسانی ھەموو ساڵێک، جەژنی سەری ساڵە و بە چوارشەممەی سوور یان "چارشەمبا سۆر" ناسراوە، لەم رۆژەدا ئێزدییەکان لە سەرتاسەری دونیا دەگەڕێنەوە پەرستگای لالش، ھەموو ساڵێک لە پەرستگای لالش رێوڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت و لە دوا نیوەڕۆی ھەمان رۆژدا گەنجانی ئێزدی روو لە قەدپاڵی چیاکانی چواردەوری پەرستگاکە دەکەن و گوڵی جۆراوجۆری وەرزی بەھارە لە سروشت دەکەنەوە و لەبەر دەرگا بچووکەکانی پەرستگای لالش دایدەنێن.
لە چوارشەممەی سووردا، ٣٦٥ خزمەتکاری پەرستگای لالش لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی "چارشەمبا سۆر" خۆبەخشانە ھەڵدەستن بە ھەڵکردنی ٣٦٥ چرا وەک سیمبوڵی رۆژەکانی ساڵ لەنێو پەرستگای لالش و قەدپاڵی چیاکانی چوار دەوری پەرستگاکە.
لەم جەژنەدا ھەموو ماڵێکی ئێزدی لەنێوان ٥٠ بۆ ٢٠٠ ھێڵکەی مریشک دەکوڵێنن و دواتر بە رەنگی جیاواز رەنگی دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ سەرەتای دروستبوونی زەوی و بە ھەموو رەنگێکەوە، ھەر بۆیە ھێلکەکان بە رەنگەکانی سروشتی بەھار رەنگ دەکرێن.
خێزانە ئێزدیەکان لەم جەژنەدا دوای تەواوبوونی رێوەڕەسمەکان ھێڵکەکان دەگوازنەوە بۆسەر گۆڕی مردووەکانیان ھەندێکیش وەک ھاوکاری و یارمەتیدان بە ھەژارانی دەدەن.
پەرلەمانی کوردستان لە نیسانی ٢٠١٣دا، وەک رێزێک لەو پێکھاتە ئاینییە، ئەو رۆژەی بە پشووی فەرمی ناساند و ساڵانە لەم رۆژەدا لەسەرجەم دامودەزگاکانی ھەرێم پشووی فەرمییە.