Zana Natık Kerem
18 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی کۆبوویەوە و لە میانیدا گرنگی فراوانکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن-یان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف رەشید پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری عێراق باسی لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان بەغدا و واشنتۆن کردووە بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات و یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، ئەوەیش لەڕێگای گفتوگۆوە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیریی عێراق دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیجییدا، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی یارمەتی بە عێراق.
عەبدولـلەتیف رەشید پێزانینی ھەبووە بۆ بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا لە عێراق و جەختی کردووەتەوە لە گرنگی فراوانکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکان بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و گۆڕانی ئاووھەوا.