Heman Hussein Yaseen
01 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئێزدییەکان وەکو یەکێک لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف و، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای سەردانی شێخان-یان کرد و لە جیاتی میری ئێزدییان لەلایەن میر عیسمەت تەحسین بەگ و ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی ئێزدی، پێشواییان لێکرا.
لە دیدارێکدا، لە جیاتی میری ئێزدییان، میر عیسمەت تەحسین بەگ بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و گوتی: "سوپاسی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف دەکەین کە مەبەستی بەسەرکردنەوە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئێزدییەکان سەردانی شێخان-ی کردووە و، ئەمە بۆ ئێزدییەکان مایەی خۆشحاڵییە، هەروەها بەخێرهاتن و سوپاسی کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای دەکەین، کە زۆرجار لە بۆنە و رێوڕەسمەکاندا ئامادەیی هەبووە، بەردەوام هەوڵی ئەوەیانداوە لە رەوشی ئێزدییەکان بپرسن و بەپێی توانا هاوکاری و یارمەتییانداوە، ئەمە بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵییە".
هەر لە دیدارەکەدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف تیشکی خستە سەر ئەرک و بەرپرسیارییەتی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئێمە لەسەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە هەڵی ئەوەمانداوە بەبێ جیاوازی لە رەوشی پێکهاتەکان بپرسینەوە و، ئێزدییەکانیش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ دا تووشی ئەو کارەساتە گەورەیە بوو کە تا ئێستاش شوێنەوارەکانی ماوەتەوە، بۆیە هەوڵمانداوە لە رەوشی ئێزدییەکان بپێچینەوە و بەپێی توانا هاوکاری و هەماهەنگیمان هەبێت".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئایین و ئاینزاکان و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییمان هەیە و بەردەوام گوێ لە گیروگرفتەکانییان دەگرین و بەپێی توانا هەوڵی جێبەجێکردنی داواکانییان دەکەین و ئەوەش یەکێکە لە ئەولەویەتی کارەکانمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
دواتر کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ پێشوازیکردنیان و، رایگەیاند کە کۆماری تورکیا هیچ کاتێک جیاوازی لە نێوان نەتەوەکان نەکردووە و هیوایشی خواست کە هەرچی زووە ئاوارەکانی ئێزدیی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
هەر لە دانیشتنەکەدا هاکان کاراچای گوتی: "هەر کاتێک ئێمە سەردانی ناوچەکەتان دەکەین بە رووخسارێکی گەشەوە پێشوازییمان لێ دەکەن، ئێمەیش لە رۆژانی خۆشی و ناخۆشییەکان لەگەتانداین و بەشداری رێوڕەسمەکانتان دەکەین، بێگومان کۆماری تورکیا هیچ کاتێک جیاوازی لە نێوان نەتەوەکان ناکات و ئێمەیش دەزانین کە برا ئێزدییەکان لەکاتی پەلامارەکەی داعش، نەهامەتییان کێشاوە، ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە کە پەلاماری ئێوەی دا، ئێزدییەکان ناچار بوون زێدی خۆیان بەجێبهێڵن، هیواخوازین کە هەموو ئاوارەکانی برا ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".
هاکان کاراچای گوتیشی: "دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم بۆ بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین و هەرچی لەدەستمان بێت درێخی ناکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی جێگای نیگەرانییە کە برا ئێزدییەکان لەدەست رێکخراوێکی تیرۆریستی زێدی خۆیان جێهێشتووە و ئێستاش لەبەر رێکخراوێکی تیرۆریستی ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، تەمەننا دەکەین کە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە ناوچەکە جێبهێڵێت بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
جێی ئاماژەیە، میری ئێزدییان میر حازم تەحسین بەگ بەهۆی رەوشی تەندروستییەوە لە دیدارەکە ئامادەبوو نەبوو، هەر بۆیەش لە جیاتی میری ئێزدییان میر عیسمەت تەحسین بەگ پێشوازی لە شاندەکە کرد.
دوای دانیشتنەکەش، هەریەک لە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف و، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و، میر عیسمەت تەحسین بەگ سەردانی لالشیان کرد.
دواتر وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف و، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای سەردانی گڵکۆی میری پێشووی ئێزدییەکان، میر تەحسین بەگ-یان کرد و تاجە گوڵینەیان لەسەر گۆڕی میری تەحسین بەگ دانا.
لالش دەکەوێتە ناو دۆڵێک کە بە زنجیرە چیای بچووک دەورە دراوە و، ئەو شوێنە لەلایەن پەیڕەوکارانی ئایینی ئێزدیەوە بە شوێنێکی پیرۆز دادەنرێت و، ئێزدییەکان هاوشێوەی حەجی موسڵمانان سەردانی لالش دەکەن و، لەکاتی سەردانەکەشدا، سەردانی پەرستگا و گۆڕەکەی شێخ ئادی کوڕی موسافر دەکەن کە یەکێکە لە پیرۆزترین کەسایەتییەکانی ئایینی ئێزدی.