Heman Hussein Yaseen
01 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف و کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای، مانگی سووری تورکی کۆمەڵێک هاوکاری گەیاندە کەمپی ئێسیان لە سنووری پارێزگای دهۆک.
لە درێژەی گەیاندنی هاوکارییەکانی مانگی سووری تورکی بۆ نێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کۆمەڵێک هاوکارییان گەیاندە کەمپی ئێسیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و، ئەم کەمپە دوای پەلامارە تیرۆریستییەکانی داعش بۆ سەر ئێزدییەکان دروستکراوە و ماوەی شەش ساڵە چەندین خێزانی ئێزدی لەو کەمپەدا ژیان بەسەر دەبەن و خەڵکی نێو کەمپەکەش داوا دەکەن دۆخی خزمەتگوزاری و ئەمنیی ناوچەکانییان باش بێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
هاوکارییەکانی مانگی سووری تورکی بریتی بوو لە هەزار دانە پاکێجی خۆراک و چەند پاکێجێکی کەلوپەلی پاککردنەوە و بەسەر خێزانە ئێزدییەکانی نێو کەمپەکە دابەشکرا.
بەرپرسی مانگی سووری تورکی لە عێراق، موراد ئۆزگوڤەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک مانگی سووری تورکی ئەمڕۆ سەردانی کەمپی ئێسیانی شاری دھۆکمان کردووە، نزیکەی دوو ھەزار خێزان لەم کەمپەدا دەژین، ئەم خانەوادانە سەرجەمیان ئێزدین و لە ستەمی داعش ھەڵاتوون، ئەمڕۆ بە رێگەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف، ھەزار دانە پاکێجی خۆراک و ٥٠٠ دانە پاکێجی ماددەی پاککردنەوەمان بۆ ئەو خێزانانە ئامادەکردووە و ھێناومانە و دابەشی دەکەین، پێشتریش ئێمە بە شێوەیەکی جیددی ھاوکاری ئێزدییەکانمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لەم ھاوکاریانەمان".
هاوکات کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای لەبارەی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئاوارە ئێزدییەکان جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە گەیاندنی هاوکارییەکان و ئەوەیشی خستەڕوو کە پێویستە کێشەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بنبڕ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
هاکان کاراچای گوتی: "ئەمڕۆ ھەزار کارتۆن خۆراک و ٥٠٠ کارتۆن ماددەی پاککەرەوە کە لەلایەن مانگی سووری تورکییەوە، بۆ ئەو ئێزدییانەی کە لە کەمپی ئێسیان لە پارێزگای دھۆک نیشتەجێن دابینکرابوو، دابەشکرا و، ئێمەش بەو بۆنەیەوە سەردانی کەمپەکە دەکەین. وەک دەزانن لەم کەمپەدا ئەو ئێزدییانە دەژین کە لە ستەمی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەڵاتبوون و، خوازیار و ئومێدەواری ئەوەن کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان بەڵام ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم خواستی گەڕانەوەی ئەم ئێزدییانەیە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان هەیە ئەویش بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەیە لە شنگال و چالاکییەکانی رێکخراوەکەیە لە ناوچەکەدا".
هاکان کاراچای گوتیشی: "ئەو ئێزدییانە کە لە ستەمی رێکخراوێکی تیرۆریستیی مرۆڤکوژی وەک داعش ھەڵاتوون، ئەم جارە بەھۆی ستەمی رێکخراوێکی تیرۆریستیی دیکەی مرۆڤکوژ، واتە پەکەکەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، ئێمە خوازیارین کەشێک بڕەخسێنرێت کە ئێزدییەکان بتوانن بگەڕێنەوە و لە خۆشگوزەرانییدا بژین، لەو چوارچێوەیەشدا لەناوبردنی بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە ناوچەکەدا گرنگی خۆی ھەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای ئاماژەی بە چاوەڕوانیی ئێزدییەکان کرد لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و، گوتی: "بەگشتیی چاوەڕوانیی ئێزدییەکان ئەوەیە کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان و رەخساندنی کەشی گەڕانەوەیان. ئەمە خواست و ئارەزووی سەرجەم ئەو ئێزدییانەیە کە ئێمە چاومان پێیان کەوتووە. بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، بەربەستێک کە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەیە لەسەر رێگەی بەدیھێنانی ئەم خواستەیانە. لە کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنیشیان لەگەڵ ئێمەدا، ئەو ئێزدییانەی کە دانیشتووین و گفتوگۆمان لەگەڵدا کردوون، بەڕوونی ھەستمان بەوەکردووە کە گرفت و گازندەی ھاوبەشیان بریتییە لە بوونی چالاکی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە. مانگی رابردووش لە شنگال ئەوەمان بینی کە گرووپی جۆراوجۆری ئێزدییەکان دەستیان بە خۆپیشاندان دژی بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە کرد و ئەوەش دەبیندرێت کە ئەم خۆپیشاندانانە روویان لە ھەڵکشان کردووە و درێژەیان ھەیە. دەتوانم بڵێم ئێزدییەکان ئەو چاوەڕوانییەیان بۆ ئێمەش باسکرد".
هاکان کاراچای جەختی لەوەشکردەوە کە هاوکارییەکان بەردەوامییان هەیە و ئەوەیشی خستەڕوو کە پێویستە کێشە بنەڕەتییەکانی ئێزدییەکان چارەسەر بکرێت ئەویش نەهێشتنی هێزی چەکدارە لە ناوچەکەیاندا و، لەمبارەیەوە گوتیشی: "بێگومان ئێمە وەک کۆماری تورکیا بێ جیاوازییکردن لەنێوان زمان، ئایین، نەژاد و رەگەزدا، ھاوکاریی مرۆیی دەگەیەنینە ھەموو لێقەوماوێک، لەو چوارچێوەیەشدا ناوە ناوە، ھاوکارییمان گەیاندووەتە ئێزدییەکان کە لە کەمپەکاندا دەژین، ئەم چالاکییەی ئەمڕۆشمان یەکێک بوو لەوانە، ئەم ھاوکارییانەمان لە داھاتووشدا بەردەوام دەبن. بەدڵنیاییەوە ھۆکاری ئەوەی کە ئێزدییەکان پێویستیان بەو ھاوکارییانەیە، ئەوەیە کە باسم کرد کە بریتییە لەوەی ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان و ئەوەش ماوەیەکی درێژە بەوجۆرەیە، ھەربۆیە جگە لە ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئێزدییەکان، چارەسەرکردنی کێشەی بنەڕەتییان بریتییە لە نەھێشتنی بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی لە ناوچەکەیان".
ئاوارەکان ماوەی شەش ساڵە لە نێو کەمپەکەدا ژیان بەسەر دەبەن و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەر زێدی خۆیان بەڵام وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەکە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
جۆنۆ خەلیل، خەڵکی شنگال و خاوەنی شەش منداڵە و ماوەی شەش ساڵە لە نێو کەمپەکەدا وەک ئاوارە ژیان بەسەر دەبات، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ماوەی شەش ساڵە لێرەین، دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان بەڵام خانوو، ئاو، کارەبا و قوتابخانە نییە و کێشە و گرفتی خزمەتگوزاری هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی ئەمنی لە ناوچەکەدا خراپە و بوونی چەندین هێزی چەکدار لە ناوچەکەدا وایکردووە کە نەتوانین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان".
جۆنۆ خەلیل گوتیشی: "داوا دەکەین کە تەنیا خەڵکی شنگال لە ناوچەکەدا بێت و سەرجەم هێزەکانی دیکە ناوچەکە چۆڵ بکەن، بە چۆڵکردنی ناوچەکە وا دەکات کە بتوانین بیر لە گەڕانەوەمان بکەینەوە".