مانگی سووری تورکی کۆمەک و هاوکاری پێشکەش بە لێقەوماوانی چەمچەماڵ کرد
بەڕێوەبەری مانگی سووری تورکی لە عێڕاق، چەتین بێیاتلی: "یارمەتییەکانمان گەیاندە وڵاتی دراوسێ بۆ تایبەت ئەو کارەساتە سرووشتییەی کە ڕوویدا و بووە هۆی زەرەر و زیانێکی زۆر. بۆ ئەم کارەساتە هەزار سەبەتەی خۆراکمان هێناوە کە ٥٠٠ بۆ هەرێمی کوردستانە ".
As Sulaymaniyah
هەولێر -AA
مانگی سووری تورکی کۆمەک و هاوکاری ڕادەستی ئۆفیسی سلێمانیی مانگی سووری عێڕاقی کرد بۆ ليقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ.
بەڕێوەبەری مانگی سووری تورکی لە عێڕاق، چەتین بێیاتلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو مانگی سووری تورکی، یارمەتییەکانمان گەیاندە وڵاتی دراوسێ بە تایبەت ئەو کارەساتە سرووشتییەی کە ڕوویدا و بووە هۆی زەرەر و زیانێکی زۆر، بۆ ئەم کارەساتە هەزار سەبەتەی خۆراکمان هێناوە کە ٥٠٠ بۆ هەرێمی کوردستانە و ئەوەی دیکەش بۆ ئەو ناوچانەی کەرکووکە کە کارەساتەکە لێی ڕووداوە”.
بێیاتلی گوتیشی: "ئەم هاوکارییانە لەسەر داواکاری نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم قوباد تاڵەبانی بووە بۆ هاوکارییکردنی لێقەوماوان و و لە داهاتووشدا وەک مانگی سوور ئامادەییمان هەیە بۆ هەر جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییکردنێک".

هاوکات قایمقامی پێشووی چەمچەماڵ و ئەندامی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری، وێڕای ئاراستەکردنی سوپاس و پێزانین بۆ مانگی سووری تورکی، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییەکان بە زووترین کات دەگەنە دەست لێقەوماوانی ناوچەکە.
ئەندامی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ ڕەمەک ڕەمەزان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی لافاوەکە چەمچەماڵ تووشی ڕووداوێک بوو، لە چوارچێوەی گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان، ئەمڕۆش پێشوازیمان لە مانگی سووری تورکی کرد کە بابەتی خۆراکیان هێنابوو، هیوادارم بە زووترین کات بگاتە دەست خەڵکی ناوچەکە".
هاوکات بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانیی مانگی سووری عێڕاقی، عیسام نامیق عەبدوڵڵا لەبارەی وەرگرتنی کۆمەک و هاوکارییەکان گوتی: "سوپاسی مانگی سووری تورکی دەکەین کە کۆمەک و هاوکاری گەیاندە کۆگاکەمان لە سلێمانی کە بریتیی بوو لە ٥٠٠ سەبەتەی خۆراک، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە لە بەیانییەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".
عیسام نامق گوتیشی: "پێشتریش ئێمە ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی بەدەستمان گەیشتووە دابەشمان کردوون، ئەمە یەکەمجار نییە مانگی سووری تورکی پاڵپشتی و هاوکاری کارەساتە سرووشتییەکان دەکات و جێگای دەستخۆشییە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
