Dahuk
دهۆك - AA
لەگەڵ هاتنی شەپۆلی سەرما و سۆڵەی وەرزی زستان و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، سیمای بازاڕەکان دەگۆڕێن.
لە شاری زاخۆ، بۆنی ماسی برژاو و هەڵمی خواردنە گەرمەکان ڕێبواران بەرەو ناوجەرگەی بازاڕی کۆن ڕادەکێشێت. ساڵانە لەم وەرزەدا، نەک تەنیا دانیشتووانی ناوخۆ، بەڵکو گەشتیارانی شارەکانی دیکەش بۆ دەستکەوتنی ژەمە گەرمەکان ڕوو لە چێشتخانە میللییەکان دەکەن.
بازاڕی کۆنی زاخۆ، کە لە ١٣٠ دووکان پێکھاتووە و مێژووی دروستکردنەکەی بۆ زیاتر لە ١٤٠ ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، بەشێوازێکی کلتووریی و شوێنەواریی نۆژەن کراوەتەوە و بووەتە سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانی خەڵکی شارەکە، سالانه پێشوازی لە دهیان ههزار گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی دهكرێت.
حاجی جاسم محەمەد، خاوەنی چێشتخانەیەکی بچووک لە بازاڕی کۆنی زاخۆ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و، باسی لە مێژووی کارەکەی و گۆڕانی خواستەکان کرد و، ڕایگەیاند: "من لە ساڵی ٢٠١٣وە دەستم کردووە بە برژاندنی ماسی، سەرەتا کارەکەم لە نزیک چێشتخانەی سەعدون لە زاخۆ دەستپێکرد، بەڵام دواتر هاتمە ئەم بازاڕە کۆنە کە تاموچێژێکی تایبەتی هەیە".
بە گوتەی حاجی جاسم، وەرزی زستان بڕبڕەی پشتی کارەکەیانە و، گوتی: "دابەزینی پلەکانی گەرما وای کردووە خەڵک زیاتر حەز لە خواردنی برژاو و گەرم بکەن، چونکە هەم لە ڕووی تەندروستییەوە گونجاوە و هەم گەرمی دەبەخشێتە جەستەی مرۆڤ لەم سەرما توندەدا".
ئەو ماسییانەی لە چێشتخانەی حاجی جاسم محەمەد پێشکەش دەکرێن، تەنیا ماسی بەرهەمی ناوخۆیی نین، بەڵکو جۆراوجۆرن، لەو بارەیەوە حاجی جاسم دەڵێت: "ماسییەکانی وەک پەبوت، کارب و سەلەمون خواستی زۆریان لەسەرە".
ناوبانگی چێشتخانە بچووکەکەی حاجی جاسم، سنووری شاری زاخۆی تێپەڕاندووە، ئهو بە شانازییەوە باس لەوە دەکات کە دوێنێ میوانیان هەبووە تەنیا بۆ خواردنی ماسی لە شارەکانی هەولێر و ئاکرێ-وە سەردانیان کردوون و، گوتی: "ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە خواردنە میللییەکان و شێوازی برژاندنی تەقلیدی، جێگەی خۆیان لە دڵی خەڵکدا کردووەتەوە".
زاخۆ کە ناوچەیەکی بادینانە دەکەوێتە سەر ڕێگای دەوازەی سنووریی "ئیبراھیم خەلیل" و هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا و گەورەترین سنووری وشکانی ھەرێمە و ئاڵوگۆڕی زۆری بازرگانی و ھاتنی زۆری گەشتیاری تیادا دەکرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
