Sarmand Hameed
02 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بۆ کۆچی دوایی رێبەری رۆحانیی ئایینی ئێزدی شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.
بارزانی رایگەیاندووە "بابا شێخ کەسایەتییەکی ئایینی دیار و نیشتیمانپەروەری کوردی ئێزدی بوو کە لە ھەموو بارودۆخێکدا ھۆکاری خێرخوازی و چارەسەرکردن کێشەکان بووە لەناو خوشک و برا ئێزدییەکانمان و بۆ بڵاوکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان درێخی نەکردووە. لە ھەمانکاتیشدا ھێمایەکی ئایینی و مەعنەوی بووە و بە تایبەتیش لە بارودۆخی ئێستادا لەدەستدانی خەسارەتێکی گەورەیە".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی
بەداخێکی زۆرەوە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ١ـی ١٠ـی ٢٠٢٠ کەسایەتیی ئایینی و سەرۆکی رۆحانیی ئایینی ئێزدی شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل (بابا شێخ) لە شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد.
بابا شێخ کەسایەتییەکی ئایینی دیار و نیشتیمانپەروەری کوردی ئێزدی بوو کە لە ھەموو بارودۆخێکدا ھۆکاری خێرخوازی و چارەسەرکردن کێشەکان بووە لەناو خوشک و برا ئێزیدییەکانمان و بۆ بڵاوکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان درێخی نەکردووە. لە ھەمانکاتیشدا ھێمایەکی ئایینی و مەعنەوی بووە و بەتایبەتیش لە بارودۆخی ئێستادا لەدەست دانی خەسارەتێکی گەورەیە.
سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدیان و ئەنجوومەنی رۆحانیی ئایینیی ئێزدی و پیاوانی ئایینی ئێزدی و خانەوادە و کەسوکاری بابا شێخ و تەواوی خوشک و برایانی ئێزیدی لە کوردستان و ھەموو جیھان دەکەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای گەورە داواکارم رۆحی بابا شێخ بخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانیی خۆی و سەبر و ئارامی بە ھەموو لایەک ببەخشێت.
مەسعود بارزانی
١ـی ١٠ـی ٢٠٢٠