Hemin Hüseyin
16 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2018
ھەولێر - AA
ھەفتەی رابردوو بە ھۆی بارانبارینەوە، بەشێکی رووی دەرەوەی قەڵای ھەولێر رووخا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای ھەولێرش رایگەیاند، "بە ھۆی تەرخان نەکردنی پارە بۆ نۆژەنکردنەوەی، رووخاوە".
ئەو خانووەی رووخاوە دەکەوێتە گەڕەکی سەرا باشووری رۆژھەڵاتی قەڵای ھەولێر و لە نزیک دەروازەی ئەحمەدیە-یە، ئەو دەروازەیە یەکێکە لەو سێ رێگەیانەی دەچنەوە سەر قەڵای ھەولێر.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە حکوومەتی ھەرێم و سهرۆكایهتی ئاژانسی توركیا بۆ هاوكاری و ههماههنگی (TIKA) دەکات بۆ ئەوەی ئەم شوێنەی رووخاوە نۆژەن بکرێتەوە و رۆڵیان ھەبێت لە پاراستنی ئەو شوێنانە.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قەڵای ھەولێر رەمزی پێکەوەژیانی نەتەوەکانە و ئێمە سەردانمان کرد بینیمان کە خەسارەتێکی زۆر ھەیە، بۆیە داواکارین لە حکوومەتی ھەرێم و پارێزگاری ھەولێر و تیکا، ھەستن بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر بۆ ئەوەی ئەم شوێنە لە مەترسی لەناوچوون بپارێزرێت".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "سهرۆكایهتی ئاژانسی توركیا بۆ هاوكاری و ههماههنگی (TIKA) رۆڵێکی باڵای ھەیە لە نۆژەنکردنەوە و ھاوکاریکردن لە رابردووشدا ھەستاوە بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای کەرکووک و ئێمەش پێشبینی دەکەین کە داواکارییەکەمان ئەرێنی بێت و بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن".
قەڵای ھەولێر لە ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن رێکخراوی یۆنیسکۆوە بە یەکێک لە گرنگترین ١٠٠ شوێنەوارەکانی جیھان دەستنیشانکراوە کە پێویستە وەک کولتوورێکی مرۆڤایەتی پارێزگاری لێ بکرێت.