هونەر و كلتوور

پێشانگایەکی تابلۆ و نیگارکێشی لەسەر قەڵای هەولێر کرایەوە

- نیگارکێش فەیسەڵ عوسمان: "بەردەوام ئامانجم ئەوەیە کە خەڵک کاری من ببینێت، نامەوێت لە ماڵەوە کەڵەکە بکات، دەمەوێت خەڵک بیبینێت و هەر شەش مانگ جارێک پێشانگای هاوشێوە دەکەمەوە".

Heman Husseın Yaseen  | 10.02.2020 - نوێکردنەوە : 17.03.2020
پێشانگایەکی تابلۆ و نیگارکێشی لەسەر قەڵای هەولێر کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە هاوکاری کۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵا، پێشانگایەکی تایبەتی بۆ نیگارکێش فەیسەڵ عوسمان کردەوە کە تیایدا چەندین تابلۆ و نیگاری جۆراجۆر نمایش کرا و پێشانگایەکەش ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.

تابلۆ و نیگاری پێشانگاکە، چەندین دیمەنی سروشتی وەرزە جیاجیاکانی لەخۆ گرتبوو، هاوکات چەند دانەیەک لە تابلۆکان، دەرگای گەورەی قەڵای هەولێر و چەند شوێنێکی دیکەی قەڵای هەولێری لەسەر نەخشێنرابوو.

نیگارکێش فەیسەڵ عوسمان ماوەی ٣٥ ساڵە تابلۆ و نیگار دەکێشێت و لەم پێشانگایەشدا، ٣٦ تابلۆ و نیگاری جۆراوجۆری نمایشکردووە و ئاماژە بەوە دەکات کە کردنەوەی پێشانگا حەز و خولیایە و هەر شەش مانگ جارێک پێشانگایەک دەکاتەوە.

نیگارکێش فەیسەڵ عوسمان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەردەوام ئامانجم ئەوەیە کە خەڵک کاری من ببینێت، نامەوێت لە ماڵەوە کەڵەکە بکات، دەمەوێت خەڵک بیبینێت و هەر شەش مانگ جارێک پێشانگای هاوشێوە دەکەمەوە".

لەبارەی شێواز و جۆری تابلۆکانیش، فەیسەڵ عوسمان گوتی: "هەموو تابلۆکان، دیمەنی سروشتیین و دوو بابەتە، یەکێکیان بەشێوازی رەنگی ئاوی و ئەوەی دیکەیان بە شێوازی رەنگی زەیتیی کارم کردووە، زیاتر بە رەنگی ئاویی کار دەکەم، شێوازی ئاوی لەسەر کارتۆن ئیشی لەسەر دەکەین و شێوازی زەیتیی لەسەر قوماش تابلۆ دروست دەکرێت و بینەر هەستی پێ دەکات، بۆیەش شێوازی زەیتیم بەکارهێناوە چونکە رەنگی ئاوی ئەو رووبەرە فراوانەی نییە وەکو زەیتیی تابلۆی گەورە دروست بکەیت، لەبەر ئەوە بە زەیتیی کارم کردووە و پێشانگایەکەش ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت".

پێشانگاکە لە سەنتەری رۆشنبیری قەڵای هەولێر کراوەتەوە و چەندین هاووڵاتیی و ژمارەیەکی زۆریش لە گەشتیاران ئامادەی رێورەسمی کردنەوەی بوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın