Rewa Mahmood Hasan
05 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2020
سلێمانی - AA
بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و سەنتەری پەرەپێدانی گەنجانی پێنجوێن، بە سپۆنسەری دەزگای مرۆیی مام، فیستیڤاڵی هەفتەی سپی لە پێنجوێن دەستی پێکرد.
ئەمرۆ ٥ی شوباتی ٢٠٢٠ کاتژمێر١٠ی بەیانی، بە سپۆنسەری دەزگای مرۆیی مام، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و سەنتەری پەرەپێدانی گەنجانی پێنجوێن، فیستیڤاڵی هەفتەی سپی، تایبەت بە خلیسکان دەستی پێکرد.
لە فیستیڤاڵەکەدا وەرزشوانانی چەندین یانە بەشدارن کە خۆی لە ٢٠ یاریزانی سەرەکیدا دەبینێت بۆ نمایش و دواتریش لە زانکۆ و پەیمانگاکان و گەشتیارێکی زۆر بەشدارن لە فیستیڤاڵی خلیسکێنەدا.
سەرۆکی یانەی وەرزشی پێنجوێن و راهێنەری خلیسکێنە، مەریوان فەرەج لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ٢٠ یاریزانی تایبەت بە خلیسکان لەسەر بەفر بەشدارن لە فیستیڤاڵەکەدا، دواتر تیمەکانی تری وەرزشوانان لە زانکۆ و پەیمانگاکان و گەشتیاران ئامادەی بوون.
ئەو راهێنەرە باس لە گرنگی وەرزشەکە و ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە دەکات بۆ شاری پێنجوێن بەتایبەت لەبواری راکێشانی گەشتیار و پەرەپێدانی وەرزشی خلیسکێنەدا و دەڵێت،'' ئەم فیستیڤاڵە زۆر گرنگە لەرووی راکێشانی گەشتیار و پەرەپێدانی وەرزشەوە، بەڵام بەداخەوە کەموکورتیەکی زۆرمان هەبووە لە رووی دابین کردنی تەواوی کەلوپەلەکان بۆیە نەتوانراوە وەک پێویست وەرزشوان ئامادەی فیستیڤاڵەکە ببن، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین کە بۆ ساڵانی داهاتوو، کەلوپەلی وەرزشی پێویستمان بۆ دابین بکەن."
یەکێک لە وەرزشوانە بەشداربووەکان کوڕێکە بەناوی شەنکار عەلی، ئەو ماوەی ٦ ساڵە سەرقاڵی وەرزشی خلیسکێنەیە لەسەر بەفر، باس لەوە دەکات هەموو ساڵێک بەشداری کردووە لە فیستیڤاڵەکانی پێنجوێندا و دەڵێت،''هەموو ساڵێک بەشداری لەم فیستیڤاڵەدا دەکەم، وەرزشێکی زۆر خۆشە چێژێکی تایبەتی هەیە، بۆ من و هەموو ئەوانەشی کە بەشداری تێدا دەکەن. ئەمە شەشەمین فیستیڤاڵە کە لە پێنجوێن ئەنجام دەدرێت، بەخۆشحاڵیەوە بەشداریمان تێدا کردووە، کەشێکی زۆر خۆشە، هیوادارم پەرەی زیاتر بدرێت بەم وەرزشە و بەم فیستیڤاڵە.''
خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و گەشتیاران لە منداڵ و گەنج و پیر بەشێکی تری ئامادەبوانی فیستیڤاڵەکە بوون، ئەوانیش بەشێوازی خۆیان بەبێ کەلوپەلی وەرزشی سەرقاڵی خلیسکێنە و شەڕەتۆپەڵ بوون، کەشێکی خۆش و سەرنجڕاکێشی بۆ گەشتیاران خوڵقاندبوو.
وەک هۆژان حەسەن خوێندکارێکی زانکۆیە و دەڵێت ئەوان لە زانکۆی سلێمانیەوە هاتوون بۆ بەشداری کردن لەو فیستیڤاڵە ، ناوبراو لەکاتی سەرقاڵ بوونی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بە شەڕەتۆپەڵ و خلیسکێنەوە، لێدوانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دا.
هۆژان دەڵێت،'' خۆشحاڵین چالاکیەکی لەو چەشنە لە هەرێمی کوردستاندا هاوشێوەی وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دەدرێت، بەتایبەت کە کەشوهەوا و جوگرافیای پێنجوێن لەبارە بۆ ئەو جۆرە وەرزشە، کەشێکی زۆر خۆش و تایبەت دروست دەکات، هیوادارین خزمەتی زیاتر بەو جۆرە وەرزشە بکرێت و فراوان بکرێت بۆ ساڵانی داهاتوو. چونکە سەرچاوەیەکی سەرەکی راکێشانی گەشتیاری زستانەیە.''
ئەمە شەشەمین فیستیڤاڵی خلیسکێنەیە کە لە پێنجوێن ئەنجام دەدرێت، بڕیارە بۆ یەک هەفتە بەردەوام بێت .لە شاری پێنجوێن لەسەر رێگای گوندی کانی سێف- ی پێنجوێن لە پشت گۆرستانی راوکان ئەنجام دەدرێت.
پێنجوێن یەکێکە لە شارۆچکە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم شارۆچکەیە لە کۆمەڵێک چیا و گردۆڵکە پێکھاتووە ، دەکەوێتە سەر ھێڵی درێژیی ٤٦ پلەی ڕۆژھەڵات و ھێڵی پانیی ٣٥،٩ پلەی باکووری ھێڵی کەمەرەیی و ٩٦ کیلۆمەتر باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، ١٣١٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، تێکڕای باران لە ساڵێکدا لە پێنجوێن ٩٠٠ میلیمەترە. رووبەری سەرجەم قەزای پێنجوێن بریتییە لە ١١٢٩کیلۆمەتری چوارگۆشە و ناوچەیەکی سەختە و پلەکانی گەرما لە زستاندا زۆرجار بۆ ژێر سفر دادەبەزێت. بەو هۆیەوە کەشوهەواو جوگرافیایەکی لەباری هەیە بۆ وەرزشەکانی تایبەت بە بەفر.