Rewa Mahmood Hasan
20 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2020
سلێمانی - AA
سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، سامان حسێن داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکات پرۆژەیاسای چاکسازی واژوو نەکات، چونکە بەگوتەی ئەو هیچ ماف و ئیمتیازێکی بۆ کەمئەندامان تیادا نییە.
سامان حسێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لە پرۆژەیاسای چاکسازی کرد کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تێپەڕێنراوە و رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم کراوە بۆ واژووکردن و گوتی:
''سەرۆکی حکوومەتی هەرێم زۆر باسی دادپەروەری دەکات، بەڵام ئەمە چۆن دادپەروەرییەکە! کە خاوەن پیداویستییەکی تایبەت مانگی ١٠٠ هەزار دینار وەربگرێت، بەڵام پەرلەمانتارێک یان وەزیرێک یان بەڕێوەبەر و پلە تایبەتێک بەتورەگە مووچە وەربگرێت''.
ناوبراو داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کرد کە پرۆژەیاسای چاکسازی واژوو نەکات چونکە بەگوتەی ئەو هیچ ماف و ئیمتیازێکی بۆ کەمئەندامان تیادا نییە.
شایەنی باسە پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ١٦ی کانوونی یەکەم، بە کۆی دەنگی ٨٩ پەرلەمانتار پەسەند کرا.