Fariq Faraj Mahmood
14 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2021
سلێمانی - AA
یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، لە شاری سلێمانی کەمپینێکی له دوو شوێن بۆ ھاوکاری خێزانی ئەو کەمئەندامانەی کە ھەژارن، راگەیاند كه تاوهكو شهوی دووشهممه بهردهوام دهبێت.
لەوبارەیەوە لێپرسراوی مەڵبەندی گشتیی سلێمانی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، سامان حوسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم کەمپینەمان بۆیە راگەیاند چەند چونکە چەند ھەزار کەسێک نانی جەژنیان نییە، داوا لە دەوڵەمەند و خێرخوازان دەکەم ئەوانەی نانێکی زیادەیان ھەیە یان توانای بەخشینی بڕێک پارەیان ھەیە با بینێرن بۆ کەمئەندامان".
سامان حوسێن لەبارەی رەوشی کەمئەندامانەوە گوتی: "کەمئەندامان بەھۆی کەمی مووچەکانیانەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدان، توانای کڕینی پێداویستی جەژنی قوربانیان نییە، باخەڵیان خاڵییە".
راشیگەیاند: "لە دوو شوێن کەمپینمان داناوە، یەکێکیان بارەگای رێکخراوەکەمانە لە گەڕەکی زێڕینۆک و ئەوەی دیکەیش لە شەقامی بەختیاری-یه نزیک تەلاری ھونەر".
لێپرسراوی مەڵبەندی گشتیی سلێمانی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە کەمپینەکەیان تاکو شەوی جەژن بەردەوام دەبێت و داوایشی لە خێرخواز و خواپێداوان کرد بە دەم داواکاریی و کەمپینەکەیانەوە بچن و گوتی: "لە کاتژمێر ٨ی بەیانییەوە تاوەکو ١١ شەو پێشوازیی لە خێرخوازان دەکەین".
گوتیشی: "ناوی پێنج هەزار و ٣٠٠ خێزانی کەمئەندامی هەژار بۆ وەرگرتنی هاوکاری تۆمار کراون و تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار خێزان لەلایەن خێرخوازانەوە ھاوکاری کراون و چوار هەزار و ٣٠٠ خێزان ماون کە ھاوکاری بکرێن".