Bekir Aydoğan
14 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2021
ھەولێر - AA
لە شاری ھەولێر بەبۆنەی تێپەربوونی ٦٢ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی تورکمانەکانی کەرکووک بەدەستی ئەندامانی حزبی شیوعی ئەو كاتەوە، رێورەسمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە لە بارەگای لقی ھەولێری بەرەی تورکمانی عێراق، بە ئامادەبوونی کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق، ئایدن مەعروف و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ھیمداد بیلال و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتە تورکمانییەکان و خێزانی شەھیدەکان، بەڕێوەچوو.
کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ئەم کۆمەڵکوژییە کە برینێکی سارێژنەکراوی ویژدانەکان و خەمێکی گەورەیە، کاری لە ھەوڵەکانی تورکمانەکان نەکردووە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتی خۆیان، بە پێچەوانەوە بووەتە ھۆی یەکگرتنی تورکمانەکان و خستەڕووی ئیرادەیان بە شێوەیەکی بەھێزتر".
ھاکان کاراچای ئاماژەی بەوەشکرد کە وەکو کۆماری تورکیا، دەیانەوێت نوێنەرایەتی تورکمانەکان لە ھەموو کایە سیاسی و ئابوورییهكان بەو شێوەیە بکرێت کە شایستەیانە و نزای بۆ شەھیدانی کۆمەڵکوژییەکەی کەرکووک كرد و سەرەخۆشی لە خێزانەکانیان کرد.
لای خۆیەوە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق، ئایدن مەعروف، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵکوژییەکەی ١٤ی تەمووزی کەرکووک، رۆژێکی گرنگە لە مێژووی تورکمانەکان.
ئایدن مەعروف ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەم کۆمەڵکوژییە ھەوڵێک بوو بۆ نەھێشتنی بوونی تورکمان لە عێراق و ئاشکرایشی کرد کە لە ١٤ی تەمووزدا لە تەواوی ناوچەی تورکمانەلی چالاکی بەڕێوەدەچێت.
- کۆمەڵکوژییەکەی ١٤ی تەمووز
لە ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٩دا، سەدان تورکمانی بەشداربوو لە چالاکییەکانی یادکردنەوەی یەکەم ساڵیادی راگەیاندنی کۆماری عێراق، لەلایەن ئەندامانی حزبی شیوعیی ئەوکاتەوە کۆمەڵکوژ کران.
ئەو رووداوە بە "کۆمەڵکوژی ١٤ی تەمووزی تورکمانی کەرکووک" ناسێندراوە.