Hawkar Yaseen
02 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
بەبۆنەی رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەڕیوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدان و چاودێریی کۆمەڵایەتیی لە هەولێر مەراسیمێکی بۆ یادکردنەوەی رۆژەکە رێکخست.
لە مەراسیمەکەدا پێشانگایەکی کاری دەستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کرابوویەوە بۆ پیشاندانی توانا و لێهاتوویییان، هەروەها مانگی سووری عێراقیش خەڵات و هاوکاری بەسەر ١١٠ خاوەن پێداویستی تایبەت دابەش کرد.
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لە گوتەیەکیدا لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند "هەرێمی کوردستان کە ناوچەیەک بووە لە رابردوودا، بە بەردەوامی لەناو شەڕ و ماڵوێرانی و ئەو کارەساتانەدا بووە کە بەسەرمان هاتووە بەدڵنیایییەوە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زۆرتر بێت، راستە بەشێکیان بە سروشتی وابوون، بەڵام بەشی زۆریشیان لە چوارچێوەی ئەو کارەساتانەدا کە بەسەرماندا هاتوون کەمئەندام بوون".
گوتیشی: "ئێمە کاتێک ئەو یادە دەکەینەوە کە بەشانازییەوە لە چوارچێوەی یاسا و بڕیارە کارپێکراوەکاندا لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رێزلێگیراو بوون، هەم لەناو کۆمەڵگا هەم لای دامەزراوەکانی حکوومەت".
پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو دەربارەی ئاماری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رایگەیاند "لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەی ئەوانەی کە تاوەکو ئێستا تۆمارکراون نزیکەی ٤٢ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە، زیاتر لە ٣١ هەزاریان سوودمەند بوون لە هاوکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی، بەڵام بەداخەوە ١٠ هەزار و ٦٥٠ کەسیان دوای ئەوەی قەیرانی دارایی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هات و بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بڕدرا نەتوانراوە ئەم ژمارەیەش سوودمەندبن لەو بڕە هاوکارییەی کە لەلایەن چاودێری و گەشەپیدانەوە دابینکراوە، بەڵام بەدڵنیایییەوە لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوە یەکێک لە بەرنامەکان دەبێت کە ئەو ئازیزانەش سوودمەندبن لە هاوکارییەکانی حکوومەت".
مەسعود ئەنوەر سەرۆکی کۆمەڵەی ژین کە رێکخراوێکی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "داواکارم ئەم یادە ببێتە هۆکارێک بۆئەوەی چیتر گلەیی و گازندەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دووبارە نەبێتەوە، چونکە ئێمە بەداخەوە ساڵانە چەندین داواکاری و گلەیی و گازندە دەگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام هیچی نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
مەسعود ئەنوەر راشیگەیاند "ژمارەی کەمئەندامان بەپێی ئەو ئامارەی لە تۆڕی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان وەرمانگرتووە بە هەموو توێژەکانەوە، نزیکەی ٩٠ هەزار کەس تۆمارکراوە و هاوکاری مانگانە وەردەگرن کە ئەمانە پێکدێن لە خاوەن پێداویستی تایبەتی دەست و پێ، نابینا، فیزیک، کورتەباڵاکان، تالاسیمیا، هیمۆفیلیا و هەموو ئەوانەی دیکە کە دەکەونە چوارچێوەی یاساکانی کەمئەندامییەوە".
دەربارەی کێشە و گرفتەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، مەسعود ئەنوەر گوتی: "کێشە و گرفتی سەرەکی کەمئەندامان لەم دۆخەدا کە چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان پیایدا گوزەر دەکات، ژیانێکی زۆر ناهەمواریان هەیە بەتایبەت ژیانی کۆمەڵایەتیی، لەڕووی دارایی و نەبوونی داهاتەوە، لەڕووی ژینگە و نەبوونی ئاسانکاری لە هاتوچۆ و رێگاوبانەکان، بۆیە دەڵێین ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو یاسایەی تایبەتە بە کەمئەندامان وەک خۆی جێبەجێی بکات بەشێکی زۆری کێشە و گیروگرفتەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت چارەسەر دەکات".
گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاڕادەیەک کەمتەرخەمە بەرامبەرمان، بەڵام لە هەندێک باریشدا بەرپرسیارە، ئێمە ژمارەیەکی زۆر خاوەن پێداویستی تایبەتمان هەیە خاوەن بڕوانامەن، هەمانە خێزاندارن بەو بڕە کەمە هاوکارییە ناتوانن ژیانیان بگوزەرێنن و پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەی زیاترە".
سەرۆکی کۆمەڵەی ژین، مەسعود ئەنوەر راشیگەیاند "هەلی کار بۆ کەمئەندامان بەو رادەیە نییە کە جێگای دڵخۆشی بێت، تا ئێستا رادەیەکی وانییە بڵێین کەمئەندامان لە فڵانە کۆمپانیا یان شوێنی بازرگانیی هەلی کاری بۆ رەخسێندراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی هەندێک لە سەرمایەداران و خێرخوازان لە زۆر بۆنەدا هاوکاری بەردەوامی کەمئەندامان دەکەن".