Hemin Hüseyin
13 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2018
هەولێر - AA
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلوول ئەنجام بدرێت و داواش دەکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی وەرگرتووە، کار لەسەر دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بکات.
بە پێی گوتەکانی ئۆمێد خۆشناو، دووشەممەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پڕۆژە یاسای چاکسازی کۆدەبێتەوە،
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو یاسایەی کە لە پەرلەمان پەسەندکرا، یەکێکە لە یاسا گرنگەکان بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە بەشێکە لە چاکسازی و، جێبەجێکردنیشی دادپەروەرییە، چونکە بە پێی هەموو حیساباتی تەخمینکراو، حکوومەت داهاتی بەرزتر دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی رێژەیەکی زۆر لە مووچەی بندیوار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە و ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت، چونکە بە پێی ئەو داهاتەی کە بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، پاشەکەوت نامینێت".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "بەداخەوە لە میانی پەسەندکردنی یاساکەدا، چەند گرووپێک دژی وەستانەوە کە یەکێکیان بریتیی بوو لەوانەی کە زەرەرمەند دەبن، ئەوانەبوون کە بە دروشم داوای چاکسازی دەکەن، هەروەها گرووپێکی دیکە بریتیی بوو لەوانەی خەمخۆری ئەم وڵاتە بوون. بۆیە ئێمە هیچ ئیعتیبارێک بۆ گرووپی یەکەم دانانێین، بەڵام بۆ گرووپی دووەم، ئەوەبوو کە چەند فڕاکسیۆنێکی ناو پەرلەمان داوامان کرد بۆ ئەو مەبەستە دانیشتنێک بکرێت. بۆیە رۆژی دووشەممە لایەنی حکوومەت و پەرلەمان بۆ ئەم مەبەستە کۆدەبینەوە و، هیوادارین ئەمە نەبێتە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن".
لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر تەمەنی پەرلەمانی تەواو بوو، بەڵام یاساکە هەروەک خۆی ماویەوە، ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئومێد دەکەین نەگاتە ئەو حاڵەتە، بەڵام ئەگەر پەسەند نەکرا ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت لە خولی نوێی پەرلەمانی داهاتوو، جارێکی دیکە ئەو رێککارە یاساییە بگرێتە بەر، چونکە پڕۆژەکە لە لایەن حکوومەتەوە".
سەبارەت بە هۆکاری دیاریی نەکردنی وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو گوتی: "ئێمە لە فڕاکسیۆنی پارتی لە سەرەتاشدا لەگەڵ ئەوەبووین کە هەڵبژاردنی کوردستان پێش هەڵبژاردنی عێراق ئەنجام بدەین. پاشان داوامان کرد لەگەڵ هەڵبژاردنی عێراق بێت و، بۆ ئەمەش هەر نەمانتوانی. بۆیە بە پێی تەمەن درێژکردنەوەی پەرلەمان کە دوو وەرزی یاسادانانە، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئەیلوول هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت و حکوومەتیش بە پێی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە دراوەتە سەرۆکوەزیران، ئومێد دەکەین هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا لە مانگی ئەیلوول ئەنجام بدرێت".