Hemin Hüseyin
19 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2017
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتار و ھونەرمەندانی ھەرێمی کوردستان و عێراق، لە رێوڕەسمێکدا پێشانگایەکی ھونەری و فۆتۆگرافی بە ناوی جوانییە شاراوەکان لەسەر قەڵای دێرینی ھەولێر کردەوە کە لەلایەن دامەزراوەی روئیاوە رێکخراوە.
لە رێوڕەسمەکەدا دوای گەڕان و بینینی ئەو بەرھەمانەی کە لەلایەن ژمارەیەک ھونەرمەندەوە لە پێشانگاکەدا نمایش کرابوون، لە پەیڤێکدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەخێرھاتنی ئامادەبووانی کرد و دەستخۆشیشی لە ئامادەکار و رێکخەرانی پیشانگاکە کرد کە لە بەغدا و سلێمانی و لەندەنەوە ھاتوون و ئاماژەی بەوە دا کە لەپێشانگاکەدا دەڤەرە جیاجیاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە کۆندا پیشاندراون.
بەپێێ هەواڵێک کە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە لە درێژەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردووەتەوە کە کولتوور زمانێکە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی پەیوەندی لەنێوان گەلانی جیھاندا دروست بکات و عێراقیش لە رووی مێژوو و کەلتوور و بوارەکانی دیکەوە زۆر دەوڵەمەندە و ھیوای خواست کە وەزارەتی رۆشنبیری و حکوومەتی عێراق بەگشتی لەوە تێبگەن کە خاوەنی دامەزراوەی روئیا بەڕێز تامارا چەندە زەحمەتی کێشاوە بۆ نیشاندانی ئەم بەشە جوانەی عێراق بە هەموو جیهان.
نێچێرڤان بارزانی گوتیشی: "من لە دڵسۆزیی بەڕێز تامارا تێگەیشتم کە دەیەوێت چ شتیک نیشانی وڵاتانی جیھان بدات، ئەو دەیویست پیشانی ھەموو جیھانی بدات کە عێراق تەنیا شەڕ و کێشە نییە، جوانی ئەم وڵاتەش ھەیە کە پێویست دەکات نیشانی جیھانی بدات".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا کەسانی دەسەڵاتدار گرنگیی ئەم کارەی دکتۆرە تامارا دەزانن، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئەوانەی پسپۆڕن لەم کارەدا، زۆر بە گرنگ و رێزەوە سەیری ئەم کارەی دەکەن و بەناوی حکوومەتی ھەرێم و بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیرانەوە پشتگیریی ئەو پڕۆژەیەی دووپات کردەوە و جەختی کردەوە کە لە پشتگرییکردنی پڕۆژەکە بەردەوام دەبن".
دامەزراوەی روئیا بۆ کولتووری ھاوچەرخ لە عێراق، رێکخراوێکی ناحکومییە و لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن کۆمەڵێک ئارەزوومەندی ھونەر و کولتووری عێراقەوە دامەزرا. ئامانجی ئەم دامەزراوەیە یارمەتیدان و دەوڵەمەندکردنی کولتوورە لە عێراق و دروستکردنی پردی کولتوورییە لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا.