Cemal Sargati
19 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2017
سلێمانى-AA
وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوە دەدات لەبارەی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی ئەمساڵی پۆلە کۆتاییەکان (نیشتیمانی و وەزاری) خوێندکاران و رایدەگەیەنێت کە لە ھەفتەیەکدا تەنها دوو تاقیکردنەوە ئەنجامدەدرێت و بۆ ئەو تاقیکردنەوانەی کە بەر جەژنی رەمەزان دەکەون پشوو دانراوە.
بەهۆى ئەوەى کە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى راپەرین و گەرمیان لە ماوەى چەند مانگى رابردوودا بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن کرابوو، وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاری دا تاقیکردنەوەکانى پۆلە کۆتاییەکان دوا بخات.
گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، سامان سیوەیلى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە شاری سڵیمانی رایگەیاند "ئەزموونەکانی خولی یەکەمی ساڵی خوێندنی (٢٠١٦ ـ ٢٠١٧)ی پۆلە کۆتاییەکان (نیشتیمانی و وەزاری) بۆ خوێندکارانی نۆی بنەڕەتی رۆژی چوارشەممە (١٤-٦-٢٠١٧) دەست پێ دەکات و بۆ پۆلی ١٢ی ئامادەییش رۆژی پێنجشەممە (١٥-٦-٢٠١٧) دەستپێدەکات و لە ھەفتەیەکیشدا تەنها دوو تاقیکردنەوە ئەنجامدەدرێن".
گوتەبێژى وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، جەژنی رەمەزانی پیرۆز کە دەکەوێتە ناو ئەزموونەکانەوە، پشووی تایبەتی بۆ دانراوە و لەپەیجی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەت و پەیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارێزگاکان وردەکاریی بڵاودەکرێتەوە.
بەهۆى بایکۆتکردنى دەوام و خۆپیشاندانەکانى مامۆستایان بەشێک لە خوێندنگاکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى راپەرین و گەرمیان بۆ ماوەى چەند مانگێک خوێندن بایکۆت کرا و وانە نەخوێنرا، لە ئێستاشدا بۆ بەرژەوەندى خوێندکاران نەفەوتانى ساڵی خوێندنیان وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاری دا کە تاقیکردنەوەکانى پۆلە کۆتاییەکان و تاقیکردنەوەى نیشتیمانى پۆلى 9 ى بنەڕەتى دوا بخرێت".