هەولێر - AA
لە ناوەڕاستی قەڵای هەولێر بینایەک بە رووبەری نزیکەی ٧٨٠ مەتر چوارگۆشە وەک رەمزی کەلتووری نەتەوەیەک هێشتا وەک خۆی بەپێوە ماوەتەوە کە تەمەنی نزیکەی ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ ساڵە.
ئەو بینایە یەکەمین گەرماوی هەولێر بووە و لەکاتی خۆیدا خەڵکی ناو قەڵا و دەوروبەری سوودیان لێ وەرگرتووە.
بە پشتیوانی دارایی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە نۆژەنکردنەوەی گەرماوەکە دەستی پێکردووە بەهەمان شێوە و دیزاین و نەخشەی جارانی.
بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای هەولێر، هێژا زاهیر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی گەرماوی قەڵا گوتی: "یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بوژاندنەوەی گەرماوی قەڵای هەولێرە، گەرماوەکە بەپێی دۆکۆمێنتە کۆنەکان عەبدوڵا پاشا کە فەرمانڕەوای ئەم ناوچەیە بووە ساڵی ١٧٠٠ دەڵێت من نۆژەنمکردووەتەوە و شانازی پێوە دەکات، کەواتە بێگومان تەمەنی لەوە کۆنترە کە بە مەزەندەی ئێمە لە تەمەنی ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستایە".
دەربارەی پێکهاتە و نەخشەی گەرماوەکە هێژا زاهیر گووتی "گەرماوەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی پێشەوەی هۆڵی پێشوازیکردنە، دواتر ژووری خۆگۆڕین و هۆڵەکەی دواشەوە شوێنی خۆشۆردن بووە، لەم بەشە ژوورێک هەیە پلەی گەرمیەکەی کەمتر بووە بۆ ئەو کەسانەی حەزیان لە گەرمی زۆر نەبووە و بەشێکی بچووکیشی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە حەزیان نەکردووە کەس بیانبینێت یان کێشەی پێستیان هەبووە لەوێ خۆیان شۆردووە".
دەربارەی بوودجەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکە بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای هەولێر، هێژا زاهیر محەمەد رایگەیاند "بوژاندنەوەکە بە پاڵپشتی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دەکرێت و ئەوان بوودجەیان بۆ تەرخانکردووە، نۆژەنکردنەوەکە پرۆسەیەکی زۆر دوورودرێژە چونکە شوێنێکی شوێنەواری تەواوە و دەبێت بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئێستا گەیاندوومانەتەوە سەر ئەسڵە کۆنەکەی کە خۆی دروستکراوە چۆن بووە".
گوتیشی "نۆژەنکردنەوەی گەرماوەکە لەساڵی ٢٠١٦ دەستی پێکردووە، پلانمان وادانابوو کە بە دوو ساڵ تەواوبێت، زۆر رووداو هاتەپێشەوە لەرووی دۆخی دارایی و سیاسی بۆیە پرۆژەکەی دواخست، ئێستا لەو قۆناغەداین کە دیوارەکانمان بەتەواوی چاککردووەتەوە و کردوومانەتەوە سەر بنچینە سەرەکییە کۆنەکەی خۆی و ئێستا رووپۆشی زەوییەکەی ماوە تەواوبکرێت".
بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای هەولێر باس لە کێشەیەک دەکات کە بۆیان هاتووەتە پێش و وەک مەرج دابینکەری دارایی پرۆژەکە بۆی داناون و گوتی: "ئێستا کێشەیەکمان هەیە ئەو بوودجەیەی بۆی تەرخانکراوە لە لایەن کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بۆ ئەوەبووە کە بەکاربهێندرێتەوە بەڵام ئێمە وەک شوێنەوارناسان ئەوەمان ناوێت و دەمانەوێت بیکەینە مۆزەخانە چونکە ئەگەر وابکەین وەک گەرماو بەکاربێتەوە ئەوا خەڵکێکی زۆر لە بینینی بێبەش دەبێت ناتوانن ئەو شوێنە مێژووییە گەورە و گرنگە ببینن کە بە نەخشەیەکی ئەندازیاری زۆر جوان بنیاتنراوە".
گوتیشی: "ئێمە وەك شوێنەوار ناسان دەمانەویت بکرێتە مۆزەخانە تاوەکو پیشانی هەموو ئەو کەسانەی بدەین کە وەک گەشتیار روو لە شوێنەکە دەکەن بیبینن ئێمەی کورد چۆن بووین لە بینادروستکردن و ئەندازیاریدا، دیوارەکانی چەندین رەمزی کۆنی کوردی لەسەر کە دەتوانین پیشانی گەشتیارانی بدەین".
بەپێی مێژووی دروستکردنی گەرماوەکە بێت نزیکەی ٣٠٠ ساڵ گەرماوەکەی هەولێر بەکارهاتووە و ئینجا لە کارکردن وەستاوە، بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای هەولێر، هێژا زاهیر رایگەیاند "ئەم گەرماوە تاوەکو ساڵی ١٩٧٣ەوە بەکارهاتووە، ئەوکاتە نۆژەنکراوەتەوە ویستوویانە هەر وەک گەرماو بەکاربێت بەڵام دیارە پێیان نەکراوە و ئەوکات بیرۆکەکەیان گۆڕیوە و ویستوویانە وەک مۆزەخانەیەکی لێبکەن بەڵام ئیتر لەوکاتەوە بەجێهێڵدراوە و بەکاریان نەهێناوە".
گەرماوەکەی سەر قەڵای هەولێر ناسناوێکی خێزانی بۆ ئەو کەسانە بەجێهێشتووە کە لەکاتی خۆیدا کاریان تێداکردووە و ئێستاش وەچەکانی ئەو خێزانانە ماون و هەڵگری هەمان ناسناون، دەربارەی ئەمە بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای هەولێر، هێژا زاهیر محەمەد رایگەیاند "گەرماوەکە خەرجی و تێچووی هەبووە بۆیە کەسانێک هەبوون سەرپەرشتیان کردووە و لێرە کاریان کردووە و لەبەرامبەر بەکارهێنانیشدا پارەیەکیان لە خەڵک وەرگرتووە، ئەو کەسانەی لێرە کاریان کردووە بە حەمامچییەکان ناسراون و ئێستاش هەر بەو ناسناوە ناوبانگیان هەیە".
گوتیشی: "گەرماوەکە لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە تاوەکو ١٠ بۆ پیاوان بووە، دوای ئەوە تاوەکو پێنجی ئێوارە بۆ ژنان بووە و لەدوای ئەوەشەوە تاوەکو شەو بۆ پیاوان بووە، جگە لە خەڵکی ناو قەڵا خەڵکی چواردەوری قەڵاش هاتوون لێرە خۆیان شۆردووە".
دەربارەی پێکهاتەی تەلارسازی بینای گەرماوەکەش هێژا زاهیر گوتی: "بنچینە و بنکەی حەمامەکە لە کەرپووچ دروستکراوە، دوو بنکەشی هەیە بنکەیەکی بۆ جیاکردنەوەی بنکە سەرەکیيەکەیە بۆ پاراستنی لە تینی گەرمی و لە کاتی بومەلەرزەشدا پاراستوویەتی و جووڵەکان لەودا بەتاڵبووەتەوە و نەیهێشتووە دیوارەکان درز بەرێت، واتە بناغەکەی بەتەواوی لە دیوارەکان جیاکراوەتەوە بۆئەوەی زیانی پێ نەگات".
گوتیشی: "بەگشتی لە پێکهاتەی بیناکەدا کەرپووچ هەیە و بەردی لمین هەیە کە بەردێکی لمینە و لە چیای زەردک زۆرە، پاشان لەسەرەوە کاشی بەردی مەڕمەڕی تێدا بەکارهاتووە و ئەرزەکەشی هەر بەوە رووپۆش کراوە، بنمیچەکەشی لە کەرپووچ دروستکراوە".
بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای هەولێر، هێژا زاهیر ئاماژەی بەوەشکردەوە: "بۆ گەرمکردنی گەرماوەکە دار بەکارهاتووە، لە سێ لاوە گەرمی بەسەر گەرماوەکەدا دابەشکراوە و لە ناوەڕاستەکەشیدا بەردێک هەیە کە تیرەکەی دوو مەترە و پێیان وتووە بەردی زاوا، ئاو هاتووەتە ژێر گەرماوەکە، گەرمی لەژێر ئاوەکەدا هەبووە و هەم ئاوەکەی گەرمکردووە و هەم ئاوەکەشی گەرمکردووە کە بۆ خۆشۆردن بەکارهاتووەتەوە، سەرچاوەی ئاوی گەرماوەکەش بیرێکە کە لە تەنیشت گەرماوەکەدایە و ٥٤ مەتر قوڵە و لەوێوە ئاو راکێشراوە بۆ گەرماوەکە".
لە بنیاتنانی گەرماوەکەدا نەخشەو تەلارسازییەکی هونەری و ئەندازیاری ورد بەکارهاتووە، لەسەر دیوارەکانی لەپاڵ چەندین نەخش و نیگاری دیکەدا هەندێک سیمبوڵ دەبینرێت کە بەرپرسەکەی بەشی شوێنەوار وەک رەمزی کۆنترین ئايینەکانی کورد باسی کرد و رایگەیاند "رەمزەکانی سەر دیوارەکانی گەرماوەکە گوزارشتە لەو ئایينانەی لە قەڵادا هەبووە، زۆربەی هەموو سیمبوڵەکان کەلەسەر دیوارەکان هەن گوزارشتن لە ئاینێکی دیاریکراو".
گوتیشی: "لێرە رەمز هەیە لەسەر دیوارەکان کە خودی سیمبوڵەکە کۆنە و بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە کە بریتین لە سیمبوڵەکانی دینی کوردی کۆن، بۆنموونە سیمبوڵێک هەیە کە دوو سێگۆشەیە و تێکەڵ بوون و لە ناوەڕاستیدا گوڵێک هەیە کە ئەمە ئاماژەیە بۆ تێکەڵبوونی ژن و پیاو و دروستبوونی منداڵ، گوڵەکە منداڵەکەیە، ئەمە سیمبوڵی ئاینی میتراییە کە لە کۆنترین ئایینەکانی کوردییە، رەمزێکی دیکە هەیە کە بەشێوەی ئەندازیاری دروستکراوە رەمزی ئەهرۆمەزدایە".
دەربارەی ئەوەی کێ گەرماوەکەی بەکارھێناوە، بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە قەڵای ھەولێر، ھێژا زاھیر دەلێت: "بەپێی دۆکۆمێنتەکان لەسەر قەڵا ٥١٢ ماڵ ھەبووە و ھەموو ئەو ماڵانە سوودیان لەو گەرماوە وەرگرتووە و چونکە لە ماڵەکاندا گەرماوی تایبەت نەبووە و ئاو گەرمکردن لەو سەردەمەدا قورس بووە بۆیە ھەموویان ئەمەیان بەکارھێناوە".
گوتیشی: "دەسەڵاتدار و زەنگین و خەڵکی هەژار هەموویان ئەم گەرماوەیان بەکارهێناوە، هەندێک کات خۆشۆردن وەک مەراسیمی لێهاتووە بۆ نموونە شەوی زاوایەتی زاوا لەسەر بەردی زاوا شایی کردووە و خەڵکەکەی دیکە لە دەوری بوون و ئاهەنگیان کردووە بۆیە بەو بەردەی ناوەڕاستی گەرماوەکەش دەگوترێت بەردی زاوا".
news_share_descriptionsubscription_contact

