Heman Hussein Yaseen
01 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2022
هەولێر - AA
دوای گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بۆسەر شەقامی ١٥٠ مەتری، ژمارەیەک دەستگێڕ بۆ گۆڕینی دراو وکۆپیکردنی بەڵگەنامەکانی پێویست بە مامەڵەی گۆڕینی تابلۆ و بەناوکردنی ئۆتۆمبێل، لەسەر شەقامەکانی نزیک ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەبیندرێن.
بە درێژایی رێگای نێوان شەقامی ١٢٠ مەتری و شەقامی ١٥٠ مەتری بەرەو ناحیەی بەحرکە، ژمارەیەک دەستگێڕ بە ئاراستەی چوون بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دەبیندرێن، هەندێکیان پانکارتی کارتۆنیان بەدەستەوەیە و لەسەری نووسراوە "دۆلار" وەک ئاماژەیەک بە ئاڵوگۆڕکردنی دراو، هەندێکی دیکە مێزێکیان لەسەر شۆستە داناوە و لێی نووسراوە "فۆتۆکۆپی" و"وێنەگرتن" کە بەڵگەنامەکان کۆپی دەکەن و ئەوانەی وێنەی مامەڵەیان لەناو مۆبایلەکانییاندا هەیە، لەوێ بۆیان چاپ دەکەن، هەروەها هەندێکیشیان کاری وێنەگرتن لەو شوێنە دەکەن.
بەشێک لەو دەستگێڕانە ئامادەنەبوون لەبەردەم زوومی کامێراکان قسە بکەن، بە پاساوی ئەوەی نەوەک شارەوانییەکان دووریانبخەنەوە لەو شوێنەی کە رۆژانە سەرچاوەی پەیداکردنی بژێوی ژیانییانە.
یەکێک لەو کەسانەی کە ئاڵوگۆڕی دراو دەکات بەناوی هەڵگورد ئەحمەد، پانکارتێکی لە کارتۆن دروستکراوی بەدەستەیەوە و لەسەری نووسراوە دۆلار، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە ئەو کەسانەی سەردانیان دەکەن، ئەو کەسانەن کە مامەڵەیان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هەیە کە لەوێش مامەڵەکان بە دینار دەکرێن و خەڵکیش بە مەبەستی گۆڕینی دۆلار بۆ دینار سەردانیان دەکەن.
هەڵگورد ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەو کاتەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر گواستراوەتەوە بۆ نزیک بەحرکە، ئێمەش لێرە کاردەکەین، واتا نزیکەی چوار ساڵ دەبێت کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکەین زیاتر لەگەڵ ئەو کەسانەی کە مامەڵەیان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ یان پەساپۆڕت هەیە، چونکە لەو بەڕێوەبەرایەتییانە تەنها دراوی جۆری دینار وەردەگیرێت، بۆیە ئەوانەی دۆلاریان هەیە، لەلای ئێمە دەیگۆڕنەوە بە دینار، هەروەها خەڵکی دیکەش کە دانیشتووی نزیک لە شوێنەکەی ئێمەن، ئەوانیش هەندێکجار ئاڵوگۆڕی دراو لەلای ئێمە دەکەن".
لەبارەی ئەو کێشە و گرفتانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لە میانی کارکردن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ خەڵک، هەڵگورد ئەحمەد گوتی: "هەرکەس لەسەر بەرپرسیاریەتی خۆی کاردەکات، دەبێت بۆخۆمان هۆشیاربین کە دۆلاری تەزویر وەرنەگرین، هەروەها شارەزایی ئەوەمان هەیە کە رێگا نەدەین کەسێک فێڵمان لێ بکات".
هەڵگورد ئەحمەد دەشڵێت "لە رێگای گرووپەکانی ڤایبەر و هەماهەنگیمان لەگەڵ بۆڕسەی هەولێر، ئاگاداری نرخ و هەڵکشان و داشکانی دراو دەبین".
جگە لە ئاڵوگۆڕی دراو، چەند شوێنێکی دیکەش لەسەر شەقامەکە دەبیندرێت کە شوێنی فۆتۆکۆپی و وێنەگرتنن، سالم حەکیم خاوەنی یەکێک لە ئامێرەکانی فۆتۆکۆپی ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە چەند کاتژمێرێک کاردەکەن و کارەکەشیان بریتییە لە کۆپیکردن و وێنەگرتنی ئەو کەسانەی کە مامەڵەیان بەدەستەوەیە.
سالم حەکیم دوو مێز و دوو ئامێری فۆتۆکۆپی لەسەر مێزەکان داناوە و پاترییەکی بۆ کارپێکردنی ئامێرەکان لەژێر مێزەکەوە داناوە و لە رێگای ئامێری یوپی ئێسەوە ماوەی کارپێکردنی پاترییەکەی زیادکردووە و بەپێی گۆڕانکاری کەشوهەواشەوە، دەبێت ئامادەکاری بۆ شوێنی کارەکەی بکات.
سالم حەکیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاری ئێمە فۆتۆکۆپی و وێنەگرتنە کە زیاتر بۆ مامەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆیە، بۆ نموونە کەسێک دێت ئۆتۆمبێل بەناوی خۆیەوە دەکات یان ژمارەی کاتی ئۆتۆمبێلەکەی تابلۆ دەکات، ئەوا دێتە لای ئێمە و مامەڵە و فایلەکانییان بۆ تەواو دەکەین بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ زۆر درەنگ نەکەوێت، چونکە لەوێ نۆرەی کۆپیکردنی مامەڵەکان هەندێکجار نیو کاتژمێر دەخایەنێت، جگە لەوەش ئەگەر کەسێک بێت وێنەی لەبیرکردبێت و لەناو مۆبایل وێنەکەی لەلابێت، ئەوا ئێمە لێرە بۆی چاپ دەکەین".
لەبارەی ئەو کێشە و گرفتانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە، سالم حەکیم دەڵێت "کێشەی گشتیی ئەوەیە کە کارەبامان نییە و بەهۆی پاترییەوە ئامێرەکانمان بەکاردەهێنین، لەڕووی جێگاشەوە بەهۆی ئەوەی سەر شۆستەیە، ئەگەر ئیستیغلالی شوێنەکە نەکەین ئەوا شارەوانی رێگامان پێ دەدات، بەڵام ئەگەر ئیسیتیغلالی شوێنەکە بکەین و کەسێک بچێتە سەر شەقام ئەوا شارەوانی لەو شوێنە دووریدەخاتەوە و کاریگەری لەسەر کارکردنی هەموومان دەبێت".
سالم حەکیم گوتیشی: "لەگەڵ گۆڕانکاری کەشوهەوا، دەبێت ئێمەش گۆڕانکاری لە شوێنەکەماندا بکەین، بۆ نموونە لەکاتی بارانبارین و لە وەرزی هاوینیشدا، چەتری گەورەمان هەیە و ئامێرەکان لەژێر چەترەکەدا دادەنێین".