Muhammed Karim Saedgul
01 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2022
ھەولێر-AA
سەرۆکی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، لە نوێترین پەیامیدا ئۆپۆزیسیۆن بوون ھەڵدەبژێرێت و دەرفەت دەدات بۆ ئەوی حکوومەت سازانی نیشتمانی بەبێ فراکسیۆنی سەدری پێکبھێنرێت.
لەو پەیامەدا کە موقتەدا سەدر، لە ھەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە سوپاسی خوا دەکات بۆ ئەوەی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان بوون و بە بردنەوەیەکی بێ وێنە ناوی ھێناوە و دەڵێت:
"خودای گەورە بواری ئەوەی پێدام کە ببمە یەکەم کەس کە سەرکەوتووبم لە پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی نیشتمانی (رزگارکردنی نیشتمان) و کەسێکی قبوڵکراو لەلایەن ھەموو لایەنێکەوە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران ھەڵبژێرم".
سەدر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ھاوپەیمانێتییانە لایەنێکی زۆری بێزار کردووە و رێگرییان لێكردووه و ھێشتا بەردەوامن له رێگریی و دەڵێت:
"بۆ ئەوەی عێراق بەبێ حکوومەت نەمێنێتەوە و دۆخی ئەمنیی، ئابووریی و خزمەتگوزاریی و ئەوانی دی خراپتر نەبێت، دەرفەتێک دەدەم بە 'سێیەکی پەکخەر' بۆ دانوستان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەبێ جیاوازی و پێکھێنانی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ کوتلەی سەدری".
سەرۆکی رەوتی سەدر مۆڵەتی نزیکەی ٤٠ رۆژی بۆ لایەنەکان داناوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت و دەڵێت:
"لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانەوە تا نۆیەم رۆژی مانگی شهوال دەرفەتتان دەبێت. داوا لە خۆشەویستانی کوتلەی سەدری دەکەم کە بە ھیچ شێوەیەکی ئەرێنی و نەرێنی دەست لەمە وەرنەدەن. خوای گەورە پاداشتیان بداتەوە".