Rawan Subhi Obaiullah
27 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2023
دهۆک - AA
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، ئەیاد حەسەن رایگەیاند: "دوای بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی تورکیا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل لەگەڵ تورکیا بە رێژەی لەسەدا ٨٠ کەمی کردبوو، بەڵام ئێستا بەرەو باشتربوون دەڕوات".
ئەیاد حەسەن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "لە کاتی بوومەلەرزەدا، غازی عەنتاب کە کارگەی پیشەسازی زۆری لێیە زیانی زۆریان پێگەیشتبوو، بەڵام دوای دەربازبوونی زیاتر لە مانگێک بازرگانی نێوان ھەرێم و تورکیا بەرەو باشتربوون دەڕوات، چونکە حکوومەتی تورکیا ھەڵساوە بە چاککردنەوەی ئەو رێگایانەی کە زیانیان بەرکەوتووە و کۆمپانیاکانی گواستنەوە جارێکیتر دەستیان بە کارەکانیان کردووتەوە و جارێکیتر بازرگانەکانی ھەرێم بۆ مەرامی بازرگانی روو لە تورکیا دەکەن".
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، ئەیاد حەسەن ئاماژە بەوەشکرد کە سیستەمی نوێی بانکی ناوەندی، بۆتە ھۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، چونکە پێشتر بازرگانەکان لە رێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە گواستنەوەی حەواڵەیان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا پڕۆسەی حەواڵە لە رێی بانکەوە زۆری پێدەچێت کە ھەندێکجار تاوەکو ٢٠ رۆژ تێدەپەرێت تا پارەکە لە عێراقەوە بگاتە دەست خاوەن کۆمپانیا یان خاوەن کارگەکان ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کۆمپانیاکان تاوەکو حەواڵەیان بەدەست نەگات، کەلوپەلی بازرگانان رەوانە نەکەن، بەڵام بێگومان ئەم ھەنگاوانانەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەوەیە کە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر بەھاکەی لەدەست نەدات و کۆنترۆڵی ئەو حەواڵەیە بکرێت کە بۆ مەرامی بازرگانی حەواڵە دەرەوەی دەکرێت و پێم وایە ماوەیەک پێدەچێت تاوەکو بازرگاکانی ئێمەش حسابی بانکی دەکەنەوە و شارەزای سیستەمی نوێی بانکی ناوەندی دەبن.
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا گەیشتە سەرووی ٢٠ ملیار دۆلار و ئامانجی نوێی تورکیا و عێراق ئەوەیە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە بگەیێننە ٥٠ ملیار دۆلار.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک پێیوایە سەقامگیربوونی بەھای دراو گرنگی خۆی ھەیە لە پرسی ئاڵوگۆری بازرگانییدا، ئەو جیاوازییەی لەنێوان نرخی فەرمی دۆلار و نرخەکەی لە بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ھەیە، کاریگەری زۆر لەسەر جوڵە و ئاڵۆگۆری بازرگانی ھەیە.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە بە بڕی جیاواز ملیۆنەها دۆلار بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٣٢ھەزار دینار دەخاتەڕوو، بەڵام دەیداتە ئەو کەس و کۆمپانیایانەی رێکارەکانی بانکەکە پەیڕەو دەکەن لە بازاڕەکانی دراویشدا بەھای دینار جێگیر نەبووە و ماوەی زیاتر لە مانگێکە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە ١٥٥ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەیاد حەسەن پێی وایە "شێوازی دانی باجیش بۆ بازرگانەکان کێشەیە کە ھەندێکیان بە دینار دەدرێت و ھەندێکیانیش بە دۆلار ئەمەش دەبێت چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی جوڵەی بازرگانی زیاتر بەرەو پێش بچێت". ئەو لەم بارەیەوە گوتی: "بازرگانی بچووکمان ھەیە کە نزیکەی ٥٠ ھەزار دۆلاری ھەیە و بازرگانی پێوە دەکات ئەمانە کاریگەری زۆریان لەسەر دروستبووە، چونکە دوای رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق ئەمانە دەبێت بچن کۆمپانیایەک دابمەزرێنن و هەژماری بانکیی بە ناوی کۆمپانیا بکەنەوە، پێویستییان بە کاتە تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر دەکەن".
سەرۆکی ژووری بارزگانی و پیشەسازی دھۆک باسی گرنگی پەسەندبوونی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و گوتی: "بە پەسەندکردنی پڕۆژەکە، عێراق بوژاندنەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، چونکە بوودجەکە بۆ ماوەی سێ ساڵە، ھەروەھا جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەنێوان عێراق و تورکیا باشتر دەبێت".