Zana Natık Kerem
27 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2023
ھەولێر – AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند کە دەنگدراوە لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەکرێتە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان درا و پەسەند کرا.
یەکێک لە ماددەکانی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران و پشت بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەبەسترێت، هەروەها ژمارەیەک گۆڕانکارییەکی دیکەیش لە کەرکووک ئەنجام دەدرێت.
لەوبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە "کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگدان لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بوو، بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەکرێتە بنەما بۆ دەست نیشان کردنی ھاووڵاتییانی شارەکە و ھەروەھا سەرگەڕان کە دوای ٥٧ لکێنراوە بەکەرکووکەوە، دیسان دەبنە بەشیک لە خەڵکی شارەکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و بەناو زیاد کران بۆ پرۆژەکە، جگە لەوە ئەوەی ماددەی ١٤٠ کردووە یان تەنھا مامەڵەی پێشکەش کردووە و مافی دەنگ دانی ھەیە، ھەروەھا ئەوەی پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە کەرکووک بووە نفوسی شارەکانی دەرەوەی کەرکووک بووە و ٥٧ی کەرکووکە و تەرحیل نەبووە، بەڵام بتاقەی کەرکووکی ھەیە، دیسان مافی دەنگدانی ھەیە، سەرجەم ئەو ھاووڵاتییانەی ھێنراونەتە کەرکووک و بەئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەش کراوەتەوە لادەبرین و مافی دەنگ دانیان نییە، لێرەوە سوپاسی سەرجەم ئەو فراکسیونانە دەکەم لە کورد و دەرەوەی کورد کە ھاوکار بوون لە دەنگدان بۆ ئەم پرۆژەیاسایە".
ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە کە بۆ یەکەمجارە لە پرسی دابەشکردنی پۆستەکان، رێژەی ٣٢ لەسەدا ھەڵگیراوە و ھاتووە "بەپێی یاسا، ئەو دەسەڵاتەمان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە کە بتوانیت ھەڵبژاردن لە پارێزگایەک دوا بخات کە خەڵکانیک ئامانجیان بوو".
گرنگترین ئەو ماددانەی کە لە ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراون، ئەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە ٣٢٩ کورسین و ژمارەی کۆتای پێکھاتەکانیش گۆڕانکاریان تیایدا کراوە کە نۆ کورسییە و بەم شێوەیەن "کورسییەکانی پێکھاتەی مەسیحی دەبن بە پێنج کورسی و بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دھۆک و ھەولێر دابەش کراون، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئێزدی لە پارێزگای نەینەوا، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدا، ھەروەھا یەک کورسی بۆ پێکھاتەی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا و یەک کورسی بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رایگەیاندبوو و داوایان کردبوو کە سیستەمی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە (فرەبازنەیی)یەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، بەتایبەتیش لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە لە دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شکستێکی گەورە بوون، لەبەرامبەردا سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە دەستی لە کاری سیاسیی کێشاوەتەوە، ھەروەھا ئەندامە سەربەخۆکان و تشرینییەکان دژبە گەڕانەوەی یاسای کۆنی ھەڵبژاردنەکانن.